رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكى: واشنتن نایه‌وێت هه‌ڵه‌ی 2011 دووباره بێته‌وه
ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی له عێراق ده‌هێڵێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "ی‌و ئێس ئه‌ی توده‌ی" ئاشكرای ده‌كات، واشنتن و به‌غدا بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له گفتوگۆی چڕدان.
رۆژنامه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ردوو وڵات ويستی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، له رووداوه‌كانی 2011 دوور بكه‌ونه‌وه، ئه‌و كاته‌ی قاعیده له عێراق لاواز بوو و هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان خاكی عێراقییان جێهێشت، دواتریش ئاستی توندوتیژییه‌كان زیاتر بوون و دوای سێ ساڵیش رێكخراوی داعش یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراقی داگیركرد.
ئه‌و رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه، له‌سه‌ر زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا، كه ناوه‌كانی ئاشكرا نه‌كردوون، بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێشتا ئه‌مه‌ریكا و عێراق له‌سه‌ر قه‌باره و ژماره و پێكهاته‌ی ئه‌و هێزه رێكنه‌كه‌وتوون كه ده‌مێننه‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات ره‌نگه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت.
به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌و دوو به‌رپرسه، بڕیاری مانه‌وه‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ كاتێكی درێژخایه‌ن، هێشتا به ته‌واوه‌تی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌دراوه، چونكه حكوومه‌تی عێراق ژماره و پێكهاته‌ی كۆتایی ئه‌و هێزه دیاری ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بۆ رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ژماره‌ی هێزه له‌و 5500 سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌ی ئێستا هه‌ن كه‌متر ده‌بێت، كه مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی به هێزه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن.