ئه‌مریكا ناوچه‌یه‌كی بی تیرۆر و بێ ئێرانی ده‌وێت
چوار كۆڵه‌گه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا
K24 - هه‌ولێر:
له لێدوانه فه‌رمییه‌كه‌یدا له‌سه‌ر "ستراتیژییه‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی" بۆ ساڵی 2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گووتی: "ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی له‌ناوخۆدا خۆشگوزه‌رانی خۆی نه‌پارێزێت، ناتوانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ده‌ره‌وه بپاریزێ. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئاماده‌یی نه‌بێت له جه‌نگدا سه‌ركه‌وێت، نه‌ته‌وه‌یه‌كه ناتوانێت رێگه له جه‌نگ بگرێت".
هه‌وره‌ها گووتی: "ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی شانازی به مێژووه‌كه‌یه‌وه نه‌كات، ناتوانێت له ئایینده‌ی دڵنیا بێت. ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی له به‌هاكانی دڵنیا نه‌بێت، ناتوانێت ئیراده‌ی خۆی بۆ به‌رگریی لهخۆكردنی كۆبكاته‌وه".
به‌ڵام ئه‌و زمانه نموونه‌ییه ناتوانێت ئه‌و راستیانه بشارێته‌وه كه له كرۆكی په‌رچه‌كرداره‌كانی ئه‌و سیاسه‌تانه‌دا ده‌بینرێته‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا په‌یره‌ویان ده‌كات، چ له ناوخۆ بێت كه ناپاكی به‌رامبه‌ر به‌هاكانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن و له رێگه‌ی په‌یڕه‌وكردنی دیموكراتییتهوه مافی مه‌ده‌نی هاووڵاتیان پێشێل ده‌كه‌ن، یان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و جه‌نگ و ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی و له خۆگرتنی رژێمه سه‌ركوتكار و دواكهوتووهكانهوه بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌و گووته زێڕینانه‌ی تره‌مپ ده‌یڵێت، زۆر دووره له واقیعی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ئیداره‌كه‌ی له‌م ساته‌وه‌خته‌دا په‌یڕه‌ویی لێده‌كات و بووه‌ته هۆی تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی واشنتن به جیهانی ده‌ره‌وه‌و خه‌ریكه به ته‌واوه‌تی بهركهناری ده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ی به ته‌نها ئۆرشه‌لیم (قودس)ـی به پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بگوازرێته‌وه ئه‌و شاره.
ستراتیژه نوێیه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر 4 كۆڵه‌گه وه‌ستاوه.
پاراستنی خاكی نیشتمان
ده‌سته‌به‌ركردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ ئه‌مریكییه‌كان
پاراستنی ئاشتی له رێگه‌ی هێزه‌وه
په‌ره‌دان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا
له ئاستی كرده‌ییدا كۆڵه‌گه‌ی یه‌كه‌م واتا "سه‌پاندنی رێوشوێنی توند و زیاتر به‌رامبه‌ر گه‌شتكردن بۆ ئه‌مریكا و درووستكردنی دیوارێكی جیاكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكه‌دا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی "سنوور" به په‌رژینی پاراستن و به‌رگریی ده‌زانێت.
كۆڵه‌گه‌ی دووه‌م "واتا ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئاڵوگۆڕ و پێداچوونه‌وه به‌و رێككه‌وتنانه‌ی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی رێكخستووه، جگه له چالاككردنی بواری فرۆشتنی چه‌ك به به‌های ملیاره‌ها دۆلار.
كۆڵه‌گه‌ی سێیه‌م "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باوه‌ڕه كۆنه‌كه‌ی رۆناڵد ریگانی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ره‌هه‌ندێكی نوێشی بۆ زیادكراوه ئه‌ویش ره‌تكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی په‌یوه‌ست به ژینگه‌یه له چوارچێوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌سه‌ر ئاشتی جیهانی، له هه‌مان كاتیش‌دا پارێزگاریكردن له ئابووری ئه‌مریكا له‌چوارچێوه‌ی ره‌گه‌زه یه‌كه‌مه‌كان به سه‌رنجدانی گه‌وره له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا.
به‌ڵام له‌باره‌ی كۆڵه‌گه‌ی چواره‌مه‌وه "واتا ههمهڕهنگكردنێكی نوێ بۆ داڕشتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه ژیارییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و نابێت له هیچ یه‌ك له‌و بڕگانه دوور بێت كه له 68 لاپه‌ڕه‌كه‌ی ستراتیژه نوێیه‌كه‌ی ساڵی 2018ـدا هاتوون.
ده‌رباره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له چوارچێوه‌ی بڕگه‌ی "ستراتیژییه‌ت له ئاستی هه‌رێمایه‌تی" راپۆرته‌كه به راشكاوی ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌دوای رۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاستدا ده‌گه‌ڕێت كه نه‌بووبێته مۆڵگه‌ی تیرۆریست و توندڕه‌و و "جیهادییه‌كان" و هیچ هێزێكی دژه ئه‌مریكایش هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ردا نهسهپاندبێ و ببێته هاوبه‌شی بازاڕێكی جیهانیی بۆ سه‌قامگیری وزه. به‌ڵام له واقیعدا له‌م دواییانه‌دا ده‌ركه‌وت، ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا كه له‌لایه‌ن كۆشكی سپی ده‌ستیان كرابووه‌وه، ئه‌وان له پشت ئه‌ندازه‌ی "پیشه‌سازی جیادییهكان" بووه له ئه‌فغانستان، كه پاش ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جاران جێیھێشت، له رۆژهه‌ڵاته‌وه تا رۆژئاوای زه‌وی بڵاوبوونه‌وه.
به‌ڵام ئێران كه چه‌ند جارێك له ستراتیژه نوێیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆكراوه، ئه‌وه‌یش نه‌یتوانی ببێته هێزیكی هه‌رێمیی خاوه‌ن هه‌ژموون و كاریگه‌ر، تا ئه‌و كاته‌ی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ساڵی 2003 رژێمی سه‌ددامی رووخاند‌و هیچ به‌رنامه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ داهاتووی ناوچه‌كه نه‌خسته‌ڕوو.
ئه‌گه‌ر راست بێت ئه‌و ستراتیژه نوێیه له زۆربه‌ی جومگه‌كانیدا به عه‌قڵییه‌تی تره‌مپ داڕێژرابێت، ئه‌وكاته نامۆ نییه كه به‌ته‌واوه‌تی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ستراتیژه‌كانی پێشوو و ستراتیژه ره‌سه‌نه‌كه كه پشت به‌وه ده‌بستێت "ده‌بێت جیهان باوه‌ش بكاته‌وه‌و خۆی به هه‌رزان بفرۆشێت تا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا قایل بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر واشنتن له‌و په‌ڕی بهركهناركهوتندا بێت".