بلوومبێرگ: ئێران سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی لە ئاژانسی ئەتۆم بەدەستهێنا
ئاژانسی "بلوومبێرگ" ئاشکرای کرد، ئێران توانیویەتی سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی چاوەڕواننەکراو لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) تۆمار بکات دوای ئەوەی بە دەنگی زۆرینەی وڵاتان و بە پاڵپشتیی دەوڵەتانی کەنداو کورسییەکی لە لیژنەی رێکخستنی کۆنفرانسەکەدا بەدەستهێنا، ئەمەش تووڕەیی توندی واشنتنی لێکەوتەوە.
چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، لە سێیەم رۆژی کۆنگرەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا، کێبڕکێیەکی توندی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتندا روویدا لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردن و رێکخەری کۆنفرانسەکە.
سەرەڕای ئەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا هەوڵێکی زۆریان دا تا رێگری لە ئێران بکەن، بەڵام لە دەنگدانێکی نهێنیدا، 44 دەوڵەت دەنگیان بە بەشداریکردنی ئێران دا لە بەرامبەر 35 دەوڵەت کە پشتیوانییان لە هەڵوێستی ئەمریکا کرد، هاوکات 42 وڵاتیش بێدەنگییان هەڵبژارد؛ وڵاتانی کەنداو و دراوسێکانی ئێران پێشتر ناوی تاران یان بۆ ئەم پۆستە کاندید کردبوو و دەنگیان پێدا، سەرەڕای ئەو جەنگ و گرژییە سەربازییەی لە ناوچەکەدا بوونی هەیە.
تووڕەیی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەرامبەر بڕیارەکە
پریستۆن وێڵز گریفیس، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە توندی دژایەتیی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و بە "شەرمەزاری و گورزێک لە متمانەی ئاژانسەکە" وەسفی کرد.
باڵیۆزی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کرد، هەڵبژاردنی ئێران بۆ ئەم لیژنەیە، تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی بەهۆی پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانیەوە دۆسیەکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، هەنگاوێکی تەواو قبووڵنەکراوە و بێڕێزییە بەرامبەر بە ئەرکی چاودێریی ئاژانسەکە، داواشی لە ئەندامان کردبوو کە لە رێگەی دەنگدانەوە رێگری لە ئێران بکەن.
وەڵامی تاران؛ زانستی ئەتۆمی بە هێرشی سەربازی لەناوناچێت
لە لایەکی دیکەوە، بێهرووز کەمالوەندی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وەڵامی رەخنەکانی واشنتنی دایەوە و هەوڵەکانی ئەمریکای بە "رەفتاری منداڵانە" ناوبرد، بەتایبەت دوای ئەوەی هەوڵ درابوو رێگری لە ئامادەبوونی باڵاترین نوێنەری ئەتۆمیی ئێران لە دانیشتنەکەدا بکرێت.
کەمالوەندی جەختی لەوە کردەوە، زانست، تەکنۆلۆژیا و پیشەسازیی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێراندا رەگی قووڵی داکوتیوە و هەرگیز بە پەلاماری سەربازی یان تیرۆرکردنی زاناکان لەناو ناچێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لەژێر هیچ گوشارێکدا تەسلیم نابێت.
بنبەستی ئاژانسەکە و ونبوونی یەدەگی یۆرانیۆم
ئەم دابەشبوونە قووڵە ئاماژەیە بۆ دروستبوونی بنبەستێکی گەورەی سیاسی لە ناو جەرگەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمدا، بە جۆرێک هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی ئەتۆمی لە جیهاندا پەکیان کەوتووە.
تارق رەئوف، بەرپرسی پێشووی بەشی پشکنینی ئاژانسەکە هۆشداری دا لەوەی دۆخی ئەمساڵ زۆر ئاڵۆزتر بووە بەراورد بە رابردوو، بەتایبەت کە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی 2025، پشکنەرانی نێودەوڵەتی بە تەواوی دەستیان لە چاودێریکردنی بڕ و شوێنی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بڕاوە، لە کاتێکدا هەوڵەکانی پێشووی واشنتن لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە لایەن رووسیا و چینەوە رەتکرابوونەوە.