بەڤیدیۆ.. بەمشێوەیە هاندەرانی ریال مەدرید پێشوازییان لە یاریزانانی بارسێلۆنا کرد

هاندەرانی ریال مەدرید بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا: بژی ئیسپانیا، بژی ئیسپانیا

K24- هەولێر

شەوی رابردوو یاریزانانی بارسێلۆنا لە رێگای فڕۆکەخانەوە گەیشتنە مەدرید و هاندەرانی ریال مەدرید لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکردن و چەند قسەیەکی ناشرینیان پێگوتن.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، دوێنێ لە کاتی گەیشتنی شاندی بارسێلۆنا بۆ مەدرید چەند هاندەرێکی ریال مەدرید لە فڕۆکەخانە ئامادەبوون و قسەی ناشرینیان بەرامبەر یاریزانانی بارسێلۆنا گوتەوە، بەتایبەتی جیرارد پیکێ، کە هاندەرانی ریال مەدرید جنێوی زۆریان بە پیکێ دا و بە 'کوڕی لەشفرۆش' بانگیان دەکرد. وەکو ئاماژەیەکیش بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا کە دوو مانگ لەمەوبەر ئەنجامدرا، هاندەرە مەدریدییەکان هاواریان دەکرد 'بژی ئیسپانیا، بژی ئیسپانیا'.

هاندەرانی ریال مەدرید ساتی گەیشتنی لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی هاواریشیان دەکرد 'رێڕەوی رێزلێنان' وەکو ئاماژەیەک بۆ داوکاری لە بارسێلۆنا تاکو پێش یاریی کلاسیکۆ بەبۆنەی بەدەستهێنانی مۆندیالی یانەکان ریڕەوری رێزلێنان بۆ یاریزانانی ریال مەدرید رێکبخەن، لە کاتێکدا دوێنێ ئیرنیستۆ ڤالڤیردی، راهێنەری بارسێلۆنا رەتیکردەوە رێڕەوی رێزلێنان بۆ یاریزانانی ریال مەدرید رێکبخەن.