ریال مەدرید دوای شکستەکەی لە کلاسیکۆ چی دەکات؟

فلۆرێنتینۆ پێرێز و زیدان کۆبوونەوە

K24- هەولێر

دوای شکستەکەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ، دەنگی ناڕەزایەتی و رەخنەکانی هاندەرانی ریال مەدرید بەرزتر بوونەتەوە و داوای واژووکردنی چەند گرێبەستێک لە کارگێڕانی یانەکەی دەکات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە رۆژی دوای کلاسیکۆ رەخنەی لە بڕیارە تەکتیکییەکانی زیەدان گرتووە بۆ کلاسیکۆ رایگەیاندووە، جارێکی دیکە کەریم بێنزێما لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید بوو، لە کاتێکدا، ئیسکۆ و ئاسینسیۆ و بەیل لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتبوون.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، لە خولەکی ٧٠ کاتێک بێنزێما لە یاریگە هاتە دەرەوە، هاندەرانی ریال مەدرید فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ هێرشبەرە فڕەنسییەکەی یانەکەیان لێدا.
رۆژنامە مەدریدییەکە نووسیویەتی، بەیل تەنیا 20 خولەک بەشداریی یارییەکەی کرد، کەچی لە 70 خولەکەکەی بێنزێما باشتر یاریی کرد.
رۆژنامەی ئاسیش کە لە مەدرید دەردەچێت، رەخنەی لە زیدان گرتووە و نووسیویەتی، زیدان ئەوەندەی بیری لە راگرتنی مێسی کردبووەوە، ئەوەندە بیری لە تیپەکەی نەکردبووە، هەربۆیە کۆڤاسیچی لەسەر ئەستۆی ئیسکۆ یاریی پێکرد بۆ ئەوەی مێسی بوەستێنێت، کەچی زیزۆ تووشی گەورەترین شکست بوو لە ژیانی راهێنەرایەرایەتی دا.
رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، دوای دۆڕانی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێز چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکەی و پاڵپشتی خۆی بۆ زیدان و یاریزانەکان دووپاتکردووەتەوە.
رۆژنامە مەدریدییەکەش ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی ریال مەدرید بڕیاریان داوە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێک و بەرگریکارێک و هێرشبەرێک واژۆ بکەن، بۆ ئەوەی تیپەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بکەن.
ریال مەدرید 14 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا دوورکەوتەوە و تاڕادەیەکی زۆر لە پارێزگاریکردن لە نازناوی لالیگا بێ هیوابووە، بۆیە دەیەوێت بە کڕینی چەند یاریزانێک لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا خۆی بۆ رکابەریکردن لە چامپیۆنزلیگ و جامی شای ئیسپانیا ئامادە بکات.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی