"دوای مام جەلال یەكێتی بووەتە فرە كابانی"

سەركردەیەكی یەكێتی: كۆمەڵێك كەس دەسەڵاتیان بەسەر یەكێتیدایە و ناھێڵن چاكسازی بكەین

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كۆمەڵێك كەس دەسەڵاتیان بەسەر یەكێتیدایە و ناھێڵن چاكسازی بكرێت، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات دوای مام جەلال یەكێتی بێ باوك بووە و بووەتە فرە كابانی.

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ دەنگی ئەمریكا سیروان كوێخا نەجم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، هۆكارى هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كترى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ بێ باوكى ده‌گێرێته‌وه‌، ده‌ڵێت: "ماڵ بێ باوك بوو، ده‌بێته‌ فره‌كابان، ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتى باوكمان نه‌ماو فره‌ كابانین".

لەبارەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی و چاكسازی لە نێو حزبەكەیاندا ئەو سەركردەیەی یەكێتی دەڵێت: "ئێمه‌ له‌سه‌ركردایه‌تى بڕیارى باشماندا  و ویستمان مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌ كه‌ له‌دواى نه‌خۆش كه‌وتنى مام جه‌لال، پێ به‌پێ یه‌كێتیان به‌ره‌و بچوك بوونه‌وه‌ برد، كه‌چى كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر یه‌كێتیدایه‌ و ناهێڵن چاكسازى بكه‌ین".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی، دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە رۆژ دوای رۆژ ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەجۆرێك كاریگەری نەرێنیشی كردووەتە سەر ھەرێمی كوردستان، چونكە یەكێتی ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ھەیە و بەشدارە لە حكومەتی ھەرێم و پەرلەمانی كوردستان، بەڵام گەلێك جار بەھۆی نەبوونی ناوەندی بڕیار لەنێو ئەو حزبە دەبێتە ئاستەنگ بۆ بڕیاردان و جێبەجێكردن.