ترەمپ بۆ کوردستان24: لە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە نیگەرانم

سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ مۆسکۆ لە کەرتی سووتەمەنیدا بە زۆر مەزن ناوبرد و، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی رووسیا دەست دەکات بە ناردنی نەوت و گازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن سەبارەت بە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعوودیە رایگەیاند: "من بە هیچ شێوەیەک دڵخۆش نیم بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریاز، ئەمە کارێکی زۆر خراپە و لێی نیگەرانم".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی دیکەدا سەبارەت بە وزە، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر لێکتێگەیشتنە نوێکانی لەگەڵ مۆسکۆ و رایگەیاند: "رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئەمریکا لەبارەی سووتەمەنی، رێککەوتنێکی ئێجگار گەورەیە و لەو بارەیەوە سوپاسی سەرۆک ڤلادیمیر پوتین دەکەم؛ چونکە بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە بڕێکی زۆر لە نەوت و گازوایل لە رووسیاوە بۆ ئەمریکا هەناردە دەکرێت".

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، سەرۆکی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی تاران کرد و ئاشکرای کرد، کە ئەو وڵاتە ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەخت و نالەباردایە.