"لە خۆپێشاندانەكانی ئێران 10 كەس كوژراون"
زیاتر لە 400 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستگیرکراون
K24 - ھەولێر
ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی ئێران گەیشتە 10 کەس و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 410 کەس دەستگیرکراون.
بەپێی راپۆرتی تەلەفزیۆنی فەرمی حكومەتی ئێران: "لە خۆپیشاندانەکانی پێنج رۆژی رابردووی شارەکانی ئێران 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 410 کەسیش لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندەران کردووە هێرش بکەنە سەر بنکەکانی پۆلیس و سوپا لە وڵات".
ئەمە لەکاتێکدایە خۆپێشاندەران لە راگەیەندراوێكدا داوایان كردووە، ئەمڕۆش لە شەقامە گشتییەكان و مەیدانە سەرەكییەكان زیاتر لە 60 شاری ئێران خۆپێشاندان دەست پێبكرێتەوە. ھاوكات لە دوێنێوە دوای ئەوەی بە بڕیارێكی ئەمنی ھێڵەكانی ئەنتەرنێت سنوورداركران، میدیاكانی ئێران پشتراستی دەكەنەوە كە ئەو دۆخە تا ئارامبوونەوەی خۆپێشاندانەكان بەردەوام دەبێ.
ماوەی پێنج رۆژە لە ئێران خۆپێشاندان لە دژی خراپی دۆخی ئابووری بەرێوەدەچێ و لەو ماوەیەدا درووشمی سیاسیش دژ بە دەسەڵاتداران بەرزكراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ھ.م