لە كەركووك سێ چالاکوانی كورد دەستگیرکران
لە دژی تەعریب گردبوونەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاکوانی کورد کەناویان لەخۆیان ناوە "بزووتنەوەی مافی کورد"، لە دژی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکووك کە لەلایەن راکان سەعید، پارێزگاری ئێستای کەرکووکەوە جێبەجێدەکرێت، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا، لەکاتی گردبوونەوەکەدا پۆلیس و هێزەئەمنییەکان هەڵییانکووتاوەتە سەریان و بەزەبری هێز بڵاوەیان بە گردبوونەوەکە کردووەو سێ چالاکوانیشیان بەناوەکانی ئەدهەم جوومعە و رزگار جومعە کەردووکیان برای یەکترن لەگەڵ گەنجێکی دیکە بەناوی مەتین دەستگیرکردووە.
زانیار جومعە کە دوو برای لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كەركووك دەستگیركراوە بە کوردستان24 راگەیاند: "هەرچەندە بیانووی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی چالاکوانەکان نەبوونی مۆڵەی خۆپێشاندان بووە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە دژی تەعریبکردنەوەی کەرکووك و داگیرکردنی زەوی و ماڵی کورد وەستاونەتەوە کە ئیدارەی ئێستای کەرکووك لە دژی هاووڵاتییانی کورد جێبەجێی دەکات".
گوتیشی: "ئێستا ئەو سێ چالاکوانە دەستبەسەرن و بڕیارە رەوانەی دادگابکرێن".
ھ.م