خامنه‌یی: خۆپیشانده‌ران به‌كرێگیراوی ده‌ره‌كین
خامنه‌یی: دوژمنانی ئێران چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكن بۆ وه‌شاندنی گورزێك له وڵاته‌كه‌مان
K24- هه‌ولێر:
دوای 6 رۆژ له گرژی و خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی بۆ یه‌كه‌م جار له‌باره‌ی دۆخی وڵاته‌كه‌ی هاته ده‌نگ و گوتی، خۆپیشانده‌ران به‌كرێگیراوانی ده‌ره‌كین و دوژمنیش چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌ته بۆ وه‌شاندنی گورزێك له ئێران.
ئه‌م لێدوانه‌ی خامنه‌یی له‌میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی سه‌ربازه كوژراوه‌كاندا هاتووه، له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكاریه‌كانی گرژی و ئاڵۆزیه ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی جه‌ختی كرده‌وه، دوژمنانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی پاره، چه‌ك، سیاسه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه پشێویه‌كی زیاتر له دژی فه‌رمانڕه‌وایی ئێران درووست بكه‌ن.
رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی رووی قسه‌كانی له خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی كرد و گوتی: "من زۆرم هه‌یه كه به گه‌له‌كه‌م رابگه‌یێنم، به‌ڵام له‌كاتی گونجاو‌دا باسی لێوه ده‌كه‌م".
ماوه‌ی 6 رۆژه گرژی و پێكدادان له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران زۆربه‌ی شاره گه‌وره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی ته‌نیوه، به‌گوێره‌ی دوا ئاماره‌كانیش، تائێستا 24 كه‌س له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كاندا كوژراون.
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران رایانگه‌یاندووه، له‌ماوه‌ی 3 رۆژدا 450 خۆپیشانده‌ر ته‌نیا له‌شاری تاران ده‌ستگیركراون. له‌كاتێكدا به سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش له شاره‌كانی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون.
به‌رپرسانی ئێران چه‌د لایه‌نێكی ده‌ره‌كی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه ده‌ستیان له‌پشت پشێوییه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته هه‌یه، له‌وانه‌ش سعوودیه و وڵاتانی رۆژئاوا. له‌كاتێكدا درووشمه‌كانی خۆپیشاندان ئاماژه به ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌كه ده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر به بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و گرانبوونی نرخه‌كان و فه‌رامۆشكردنی گه‌لی ئێران له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌وه، وێڕای ناڕه‌زایه‌تییان به‌رامبه‌ر به‌و داهاته داراییه گه‌وره‌یه‌ی كه ئێران بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی خۆی له ناوچه‌كه، له كه‌رتی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی سووریا، یه‌مه‌ن، عێراق و لوبنان خه‌رج ده‌كات.
ھ أ