بۆ ئه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی لای دایك و باوكی نه‌دركێنێت قوتابییه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی ده‌كوژێت

هێرشه‌كه‌ له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 17 چركه‌دا ئه‌نجامدرا

K24- هه‌ولێر:

رۆژنامه‌ی خه‌به‌ر تورك بڵاویكرده‌وه‌، به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی قوتابخانه‌یه‌كی‌ شاری ئیزمیری توركیا له‌گه‌ڵ دایك و باوكی قوتابییان، قوتابیه‌كی پۆلی 11 به‌ چه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر نووسینگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 17 چركه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی كوشت.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌و راپۆرته‌یدا نووسیویه‌تی، له‌ دوا هه‌فته‌ی ساڵی 2017دا، بۆئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌دڕه‌وشتییه‌كانی ئه‌و قوتابیه‌ لای دایك و باوكی ئاشكرا نه‌كات، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو له‌ قوتابخانه‌كه‌ ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی ئاڵووده‌ی جگه‌ره‌ كێشان ببوو، قوتابییه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی كوشت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، وه‌ك له‌ كامێراكانی چاودێری ئاشكرا بووه‌، ماوه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ له‌ 17 چركه‌ زیاتر نه‌بووه‌، كه‌ له‌ تۆماری گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ئیهان كۆكمانی 47 ساڵی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ له‌ نووسینگه‌كه‌ی نیشان ده‌درێت و هاوار ده‌كات، "چی روویداوه‌ كوڕم؟"، به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ گوێی پێنه‌دا و ده‌ستبه‌جێ 2 گوللـه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی ده‌دات و ده‌یخاته‌ سه‌ر زه‌وی. پاشان به‌په‌له‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ هاوڕێكه‌ی له‌سه‌ر ماتۆرسكلێك چاوه‌ڕێی ده‌كرد.

دوای رووداوه‌كه‌ش، ئۆتۆمۆبیلی ئه‌مبوڵانس گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، به‌ڵام به‌ر له‌ گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا و، هاوسه‌ره‌كه‌ی و دوو منداڵی له‌دوای خۆی به‌جێهێشت.

پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م بكوژه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئاشكرا بوو، بكوژه‌كه‌ قوتابی پۆلی 11ی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌ پشكنینه‌ پزیشكییه‌كانیشدا كه‌ له‌سه‌ر خوێنی قوتابییه‌كه‌ و هاوڕێكه‌ی كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و دوو كه‌سه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ریشیان به‌كارهێناوه‌.

به‌شێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، پێشتر چه‌ندین جار به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ ئه‌و قوتابیه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئامۆژگارییه‌كانی وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا هه‌واڵی جگه‌ره‌كێشانه‌كه‌ی و درێژكردنی قژی لای دایك و باوكی باس ده‌كات. بڕیاریش بوو هه‌ر له‌ رۆژی رووداوه‌كه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی دایكان و باوكان به‌ڕێوه‌ بچێت، قوتابییه‌ بكوژه‌كه‌ش داوای له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی كردبوو، نهێنییه‌كانی لای دایك و باوكی ئاشكرا نه‌كات، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ ره‌تی كردبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئه‌و قوتابییه‌ دانی به‌وه‌شدا ناوه‌، كه‌ هاوڕێكه‌ی چه‌كی بۆ هێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی بكوژێت.

ھ أ