رووحانی سه‌باره‌ت به دۆخی ئێران داوای هاوكاری له فه‌ره‌نسا ده‌كات
رووحانى بۆ ماكرۆن: رێوشوێنی پێويست به‌رامبه‌ر به ئۆپۆزيسیۆنی ئێران له فه‌ره‌نسا بگرنه به‌ر
K24- هه‌ولێر:
له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، حه‌سه‌ن رووحانى سه‌رۆك كۆماری ئێران داوای له ئیمانوێل ماكرۆنی هاوتا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی كرد، رێوشوێنی پێويست له دژی ئه‌ندامانی ئۆپۆزيسیۆنی ئێران كه له فه‌ره‌نسا نیشته‌جێن بگرێته‌به‌ر.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسی، گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی له فه‌ره‌نسا به "تیرۆریست" ناوبردووه و به ماكرۆنی گوتووه "ئێمه ره‌خنه‌مان له‌وه هه‌یه كه گروپه تیرۆریستییه‌كان له فه‌ره‌نسا داڵده دراون، هه‌نگاوی دژ به گه‌لی ئێران ده‌گرنه به‌ر، ئێمه چاوه‌ڕێی جووڵه‌ی حكومه‌تی فه‌ره‌نسین به‌رامبه‌ر به‌و گروپه تیرۆریستیانه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ "ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێرانی" كه له "موجاهدینی خه‌ڵق" پێكهاتووه.
له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا رووحانى جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، سیاسه‌تی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌پێدانی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه بنیاتنراوه و گوتی: "بوونی ئێران له عێراق و سووریا له‌سه‌ر داوای فه‌رمی حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌یه و له‌پێناو نه‌هێشتنی تیرۆره".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا بووه، كه هه‌وڵ و هاوكارییه‌كانی ئێران بووه‌ته هۆی له‌ناوبردنی تیرۆری ته‌كفیری و رێكخراوی داعش له ناوچه‌كه".
سه‌رۆكى كۆماری ئێران له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا ئه‌وه‌شى به‌ماكرۆن گوتووه، "چاره‌نووسی هه‌ر وڵاتێك له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌یه‌وه دیاریكراوه" و جه‌ختی كرده‌وه "پێویسته هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بۆ ئه‌وه بدات هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد له عێراق به‌ڕێوه بچێت".
هه‌روه‌ك حه‌سه‌ن رووحانى داوای لابردنی گه‌مارۆكانی سه‌ر یه‌مه‌نی كردووه، "بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی بگه‌یه‌ندرێنه خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئێران لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئیسرائیلی له‌دژی لوبنان ره‌تكردوه‌ته‌وه، به "جاڕسكردنى لوبنان" وه‌سفی كردوون و رايشيگه‌ياندووه، به‌و كارانه‌ى "ئیسرائیل سه‌روه‌ری لوبنان پێشێل ده‌كات".
رووحانى جارێكی دیكه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و هاوكاریكردنی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی كرده‌وه و گوتی: "چه‌كی ئێمه بۆ به‌رگریكردنه له وڵاته‌كه‌مان و له به‌ده‌ستخستنی ئه‌و چه‌كانه‌ش سڵ ناكه‌ینه‌وه كه بۆ به‌رگریكردن له وڵاته‌كه‌مان پێویستمان پێیه‌تی".
له‌به‌رامبه‌ریشدا ماكرۆن به رووحانى راگه‌یاند، "فه‌ره‌نسا هیچ هاوكاریه‌كی گروپه تیرۆریستییه‌كان ناكات و رێگه‌ش نادات له وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر هیچ وڵاتێكی دیكه درووست بكه‌ن، كه له به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێران‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه".
هه‌روه‌ها ماكرۆن به رووحانى گوتووه: "فه‌ره‌نسا پابه‌نده به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، پابه‌ندبوون به‌و رێككه‌وتنه له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی جیهانیدایه".
هـ.ب