لە پەرلەمانی عێراق باسی تەعریبکردنەوەی گوندەكانی کەركووك دەکرێت
پەرلەمانی عێراق بودجەی 2018 تاوتوێ دەكات
K24 - ھەولێر
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی پرۆسەی تەعریبکردنەوەی گوندەکانی کەرکووك و ناوچە کوردستانیەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان 24 راگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمان دوای پشووی تەشریعی دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە و لە کۆبوونەوەكەی پەرلەماندا باسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەکەن".
گوتیشی: "پێشتر فراکسیۆنە کوردستانییەکان تێبینیەکانی خۆیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە بە عەبادی داوە، بەڵام عەبادی تێبینیەکانی بە هەند وەرنەگرتووە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: "وەك فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان باسی تەعریبکردنەوەی گوندەکانی کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکان و راگرتنی ئەم پرۆسەیە دەکەین".
ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزە عێراقییەکان بە فەرمانێکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووك بەوەکالەت چوونەتە سەر هەندێك گوندی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە رۆژئاوای کەرکووك، مۆڵەتیان داوە بە خێزانە كوردەكان بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن و خێزانە عەرەبەكان لە شوێنی ئەوان نیشەجێ بكەن.
ھ.م