فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناكەن
"ھەموومان یەك دەنگ و یەك ھەڵوێستین"
K24 - ھەولێر
فراكسیۆنە كوردستانییەكان تا ئێستا نەچوونەتە نێو ھۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و رایدەگەیەنن، تا داواكانیان لەبەرچاو نەگیرێت، بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەن.
رێناس جانۆ، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "تا ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان نەچوونەتە ناو كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، تا بەرچاو روونییەكمان نەبێت لەسەر خوێندنەوە بۆ پڕۆژە بودجەی 2018 كە بەپێی بەرنامەی كار لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدایە و تاوتوێ دەكرێت".
گوتیشی: "گەڕانەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ حكومەتی عێراق پرۆسەیەكی دروست نەبوو، چونەكە دەبوایە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرابوایە و تێبینیەكانی لەسەر خرابەیەڕوو ئەوكات گەڕێندرابایەوە بۆ حكومەت".
ھەر لەبارەی ھەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ بەشداری نەكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھەموومان یەك ھەڵوێستین تا داواكانمان لەبەر چاو نەگیرێ بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكەین".
بەھۆی بەشداری نەكردنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بەشێك لە سوننەكان كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووجار دواخراوە.
ھ.م