له په‌رله‌مانی عێراق كورسی بۆ فرۆشتن هه‌یه
موته‌شه‌ر سامه‌ڕائی كورسیه‌كه‌ی به نیو ملیۆن دۆلار ده‌فرۆشێته موسه‌ننا سامه‌ڕائی
K24- هه‌ولێر:
سمێدعی باس له "بازرگانییه‌كی نوێ" له عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت: كورسی په‌رله‌مان به نیو ملیۆن دۆلار ده‌فرۆشرێت!
ئیبراهیم سمێدعی سیاسه‌تمه‌داری عێراقی ده‌ڵێت: "ئێستا هه‌ڵمه‌تێك له‌لایه‌ن به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی عێراقه‌وه بۆ فرۆشتنی كورسیه‌كانیان به‌رامبه‌ر به هه‌ندێك ئیمتیاز ده‌ستی پێكردووه" و گوتیشی "ئه‌مه نوێترین جۆری بازرگانییه له عێراق".
سمێدعی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بابه‌تێكی به‌ناوی "نوێترین جۆری بازرگانی له عێراق" بڵاوكردۆته‌وه و، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه "به‌شێك له په‌رله‌مانتاران كه به چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له كۆتایی هاتنی خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان خانه‌نشین ده‌بن، به‌نیازن كورسییه‌كانیان به كه‌سانی دیكه بفرۆشن" و گوتوویه‌تی "ئه‌مه‌ش واتای وایه كڕیاری كورسیه‌كان ئمتیازی خانه‌نشینی و په‌رله‌مانتاریش وه‌رده‌گرێت، هه‌وره‌ها فرۆشیاریش هه‌مان ئیمتیازاتی پێ ده‌درێت"، له‌مباره‌شه‌وه سمێدعی ده‌ڵێت "له‌مه زیاتر چی باسی گه‌نده‌ڵی بكرێت!".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، یه‌كه‌م بڕگه‌ی دانیشتنی سبه‌ی پێنجشه‌ممه تایبه‌ته به راگه‌یاندنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێك و دیاریكردنی كه‌سێكی دیكه له‌شوێنی ئه‌و.
هه‌ر ئه‌مڕۆش له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ریاز ساعدی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نیشتیمانی رایگه‌یاندبوو، به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێك بڕیاره موته‌شه‌ر سامه‌ڕائی په‌رله‌مانتاری عێراقی به‌پاساوی نه‌خۆشی ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و كورسیه‌كه‌ی راده‌ستی موسه‌ننا سامه‌ڕائی بكات، كه له چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گلاوه، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ش، هه‌ردوو سامهڕائییهكان ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتاری وه‌رده‌گرن و به موچه‌ی په‌رله‌مانتاریش خانه‌نشین ده‌بن.
ریاز ساعدی باس له‌وه‌ش ده‌كات، موسه‌ننا سامه‌ڕائی بۆئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی به‌ده‌ست بهێنێت و دادگا نه‌توانێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی گه‌نده‌لی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌و كورسیه‌ی به‌و پاره خه‌یاڵییه له موته‌شه‌ر كڕیوه‌ته‌وه.
له‌مباره‌شه‌وه سمێدعی ده‌ڵێت، گرێبه‌سته‌كه كه له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵگری ناسناوی سامه‌ڕائیدا ئیمزا كراوه، دهستلهكاركیشانهوهكه و وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته به چاودێری سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێوه ده‌چێت.
ھ.ب