ئێران حه‌شدی شه‌عبی و گروپی فاتمیوون بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران راده‌سپێرێت
هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران شوێنه‌كانی خۆپیشاندان مینڕێژ ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بییه، كۆماری ئیسلامی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و گروپی فاتمیوون كه تایبه‌ته به چه‌كداره ئه‌فغانیه شیعه‌كان، هێناوه‌ته ناو خاكی ئێران، بۆئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ببنه‌وه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له شاری ئه‌هوازی باشووری رۆژئاوای ئێران به عه‌ره‌بییه‌یان راگه‌یاندووه، ئه‌و میلیشیایانه له‌سه‌ر فه‌رمان و راسپارده‌ی حكومه‌تی ئێران له‌ناوچه‌كانی ئه‌هواز و شاری ئه‌بادان و چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئه‌و وڵاته بڵاوكراونه‌ته‌وه و، ئێران ئه‌وانی سه‌رپشك كردووه، بۆئه‌وه‌ی ده‌ست له خۆپیشانده‌ران نه‌پارێزن.

وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه‌یان پێكردووه، له شاری ئه‌هواز، به‌شێك له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له ریزه‌كانی سوپای پاسداران و هێزه ئه‌منییه‌كان رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ده‌بنه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، تۆڕی میدیای ئامه‌د نیوزی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، سوپای پاسداران به هه‌زاران میلیشیای سه‌ر به سوپای فاتمیونی ئه‌فغانی كه له سووریا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و فه‌رمان له ئێران وه‌رده‌گرن، هێناویه‌ته ناو وڵاته‌كه‌یان و بۆ شاری "خومه‌ینی شه‌هر"ی سه‌ر به پارێزگای ئه‌سفه‌هان گواستۆته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له خۆپیشانده‌ران بوه‌شێنن.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بییه بڵاویكرده‌وه، چالاكوانانی ئه‌هواز بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هه‌موو شه‌وێك له ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ساز بكه‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌یه‌شدا چالاكوانێكی ئه‌و شاره به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌راتی بانگه‌شه‌ی خۆپیشاندان ده‌ستگیركراوه و، دواتر هێزه ئێرانییه‌كان سه‌رجه‌م كۆچه و شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌یان ته‌نیوه.
وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه، به‌ڕۆژ دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه ئارامه، به‌ڵام شه‌وانه جیاوازه و هه‌موو شه‌وێك رووبه‌ڕوو بوونه‌وه و ده‌ستگیركردن و توندوتیژی روو ده‌ده‌ن. هه‌وره‌ها رێوشوێنی چاودێری توند له‌و شاره گیراوه‌ته به‌ر و هیچ دوكاندار و خاوه‌ن ماركێتێك بۆی نییه دوای كاتژمێر 3ی پاشنیوه‌ڕۆ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی بمێنێته‌وه و، دوای ئه‌و كاته دیاریكراوه‌ش تا رۆژی دواتر هاتووچۆ له‌ناو بازاڕ قه‌ده‌غه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان به‌و رۆژنامه‌یان راگه‌یاندووه، له‌ترسی شه‌پۆلی خۆپیشانده‌ران، هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌وروبه‌ری كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ئه‌و شوێنانه‌ی مینڕێژ كردووه، كه گومان ده‌كه‌ن خۆپیشاندانی لێ سازبكرێن، به‌تایبه‌ت له شاری ئه‌هواز.
ماوه‌ی 8 رۆژه خۆپیشاندانی سه‌رانسه‌ری له ئێران له دژی بێكاری، گرانی نرخه‌كان، گه‌نده‌ڵی و سه‌ركوتكارییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فیقهی ده‌ستیان پێكردووه و، تائێستا زیاتر له 25 كه‌س له توندوتیژییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا كوژراون.