كوڕی شای ئێران داوا له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات به‌هانای خۆپیشانده‌رانی وڵاته‌كه‌یه‌وه بچێت
به‌هله‌وی: پێویستمان ته‌نیا به قسه نییه .. ده‌مانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی تره‌مپ ببینین
K24- هه‌ولێر:
ره‌زا به‌هله‌وی كوڕی شای كۆچكردووی ئێران، داوا له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكی هان بدات، خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت بۆ خۆپیشانده‌رانی ئێران ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی هێڵه‌كانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه راگیراون.
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆیته‌رز، به‌هله‌وی ده‌می داواكارییه‌كانی له دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانی حكومه‌ته‌كه‌ی تره‌مپی كرد، بۆئه‌وه‌ی پشتگیری له خۆپیشانده‌رانی ئێران بكه‌ن و گوتی، "پێویسته له‌سه‌ر ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی جددی بگرێته به‌ر، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران بتوانن ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاربهێنن، كه بۆ مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه سوودی لێ وه‌رده‌گرن، كه دیكۆمێنتی دۆخی گرژییه‌كانی نێوان هێزه ئێرانییه‌كان و خۆپیشانده‌ران تۆمار ده‌كه‌ن".
به‌هله‌وی گوتی، "ئێمه پێویستیمان به ته‌نیا قسه‌كردن نییه، ده‌مانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی و به‌رچاو پشتگیرییه‌كان ببینین. پێویسته به‌بێ دواكه‌وتن ئه‌و كاره بكرێت .. كاتێك له‌ئێستادا ئێمه ته‌نیا باسی لێوه ده‌كه‌ین، رژێمی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی كار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئامرازێك له‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌كات.. به‌تایبه‌ت ئینستگرام و ته‌لگرام"، به‌هله‌وی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی ئێران به‌ئازادانه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌دایه‌وه، ئاخۆ ئه‌وان داوایان له كۆمپانیا ته‌كنه‌لۆژییه‌كان كردووه، ئۆفه‌ری په‌یوه‌ندیكردن بۆ خه‌ڵكی ئێران ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام گوتی: ئه‌مه‌ریكا پشتگیری له گه‌یشتنی زانیاری به خه‌ڵكی ئێران ده‌كات و "ئه‌مه ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ستراتیژیه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكایه له‌باره‌ی ئێرانه‌وه".
دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، كه ماوه‌ی 8 رۆژه به‌رده‌وامن، حكومه‌تی ئێران هێڵی زۆربه‌ی ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی پچڕاندووه و، كۆدی نهێنی له‌سه‌ر ئه‌و ئۆفه‌رانه داناوه، كه تایبه‌تن به ئاڵوگۆڕی ڤیدیۆ، زانیاری و نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانیش، به‌رپرسانی ئێران به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و تۆڕ و ئامرازانه‌ی به‌وه چه‌واشه كردووه، گوایا ئه‌و ئۆفه‌رانه به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكییه‌وه له‌كاركه‌وتوون.
هه‌وره‌ها كوڕی شای پێشووی ئێران له‌و دیداره‌دا ره‌خنه‌ی له بڕیاره‌كه‌ی ته‌رمپ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ ئه‌مه‌ریكا گرت و ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپی به گاڵته‌جاری ناویبرد.
له‌مباره‌یه‌وه به‌هله‌وی گوتی "هێشتا به‌رپرسان و دیپلۆماتكارانی ئێران ده‌توانن گه‌شتی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكی ساده و بێتاوانی ئێران كه ئه‌م وڵاته‌یان بونیاتناوه، ئه‌و مافه‌یان نییه.. بۆچی؟ چونكه ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وان جێبه‌جێ كراوه .. ئه‌مه‌ش مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه".
دوای كوده‌تاكه‌ی ناسراو به شۆڕشی ئیسلامی له ساڵی 1979 له دژی شا ره‌زای ئێران، كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پشتگیری ده‌كرا، ماوه‌ی نزیكه‌ی 40 ساڵه به‌هله‌وی له ژیانی په‌نابه‌رێتیدا له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیت و، ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه‌ی.
زیاتر له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه، شه‌پۆلێكی خۆپیشاندان له‌دژی بێكاری، گرانی نرخه‌كان، دواكه‌وتنی موچه، دابه‌زینی ئاستی ئابووری و سه‌ركوتكارییه‌كانی رژێمی ئێران ده‌ستی پێكردووه و، رۆژانه چه‌ندین خۆپیشانده‌ر له‌لایه‌ن هێزه ئێرانیه‌كانه‌وه له توندوتیژییه‌كاندا ده‌كرێنه ئامانج و، تائێستا به سه‌دان كه‌سیش ده‌ستگیركراون.