حزبی ده‌عوه به 2 لیستی جیاواز به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كات
به‌گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ حزبێك بۆی نییه به زیاتر له لیستێك به‌شداری له ههڵباژدرنهكاندا بكات
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی بڵاویكرده‌وه، حزبی ده‌عوه خۆی یه‌كلاكردۆته‌وه كه به 2 لیستی جیاواز بۆ هه‌ریه‌ك له حه‌یده‌ری عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نوری مالكی جێگری سه‌رۆك كۆمار به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا ده‌كات.
رۆژنامه‌كه له راپۆرتێكدا روونی كردۆته‌وه، كۆمسیۆنی باڵا هه‌ڵبژاردنه‌كان له رێنماییه‌كانیدا رێگه‌ی به حزبه سیاسییه‌كان داوه، به زیاتر له لیستێك به‌شداری له ههڵباژدرنهكاندا بكه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه "به‌رپرسانی حزبی ده‌عوه كه له‌لایه‌ن نوری مالكی جێگری سهرۆككۆمارهوه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ده‌توانن به لیستی جیاواز بۆ عه‌بادی و مالكی به‌شداری بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی ته‌نیا یه‌كێك له‌و دوو لیسته نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و حزبه بكات".
به‌ڵام ئه‌م رێنماییانه‌ی كۆمسیۆن هه‌رایه‌كی یاسایی هێناوه‌ته‌وه، چونكه "به‌گوێره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، هیچ حزبێك بۆی نییه به فرهلیست به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكات، هه‌وه‌رها كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان لیستی ناوی ئه‌و حزبانه‌شی راگه‌یاندووه، كه مافی چوونه ناو په‌رله‌مانیان هه‌یه، به‌ڵام له‌و لیسته‌دا ئاماژه به‌ناوی هیچ حزبێك یاخۆد ره‌وتێكی تایبه‌ت به حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نه‌كراوه له ده‌ره‌وه‌ی حزبی ده‌عوه، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی درووست كردووه.
رۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نی نووسیویه‌تی، سه‌لیم جبووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گڵۆپی سه‌وزی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی داگیرساندووه و گوتوویه‌تی "پێویسته ئاماده‌كاری ته‌واو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێن".
تائێستا حه‌یدره‌ی عه‌بادی به‌فه‌رمی نیازی خۆی بۆ ویلایه‌تی دووه‌م رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له عه‌بادی جه‌ختیان كردۆته‌وه، ئێستا عه‌بادی سه‌رقاڵی پێكهێنانی لیستێكی نوێیه، بۆئه‌وه‌ی له ههڵباژدرنهكاندا به‌شداری بكات.
ھ.ب