خشتەی کاتی ناساندن و یەکەم پرێس کۆنفرانسی کۆتینهۆ لە کامپ نوو
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆتینهۆ بەفەرمی بە میدیاکان دەناسرێنرێت
K24- هەولێر
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بەفەرمی فیلیپ کۆتینهۆ وەکو یاریزانی بارسێلۆنا بە میدیاکان دەناسرێنرێت.
دوای ئەوەی کۆتینهۆ بەرامبەر 160 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە گواسترایەوە ریزەکانی بارسێلۆنا و شەوی شەممە گەیشتە ئیسپانیا، شەوی رابردوو یاریزانە بڕازیلییەکە بۆیەکەمجار سەردانی یاریگەی کامپ نووی کرد، بەڵام لە یاریی بارسێلۆنا و لیڤانتی ئامادە نەبوو و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەپێی خشتەیەکی تایبەت گرێبەستەکەی لەگەڵ جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ واژوو دەکات و لە یاریگەی کامپ نوو پێشکەشی هاندەران دەکرێت و دواتریش یەکەم پرێس کۆنفرانس ئەنجام دەدات.
هێشتا دیار نییە کۆتینهۆ درێسی ژمارە چەند دەپۆشێت، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی رۆژنامە کەتەلۆنییەکان لەوانەیە کۆتینهۆ درێسی ژمارە 7 یان 14 بپۆشێت، بەهۆی پێکانەوەش ئەستەمە بتوانێت پێنجشەممە لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ یاریی بکات و لەوانەیە تاکو 10 رۆژی دیکە نەتوانێت بە دریسی بلاوگرانا دەست بە یاریکردن بکات.
خشتەی کاتی مەراسیمەکانی ئەمڕۆی کۆتینهۆ بە کاتی هەولێر:
02:30ی دوای نیوەڕۆ: گرێبەستەکەی لەگەڵ جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ واژوو دەکات
03:00ی دوای نیوەڕۆ: لە رۆما لۆنج بەفەرمی بە میدیاکان دەناسرێنرێت و وەکو نەریتی بارسێلۆنا لە پاڵ لۆگۆی یانەکە وێنەی یادگاری دەگرێت
03:45ی دوای نیوەڕۆ: لە یاریگەی کامپ نوو ئامادە دەبێت و لەسەر لاکیشەی سەوزی یاریگەکە چەند نمایشێک دەکات و لە کاتژمێر 03:00ی دوای نیوەڕۆوە دەرگاکانی یاریگەی کامپ نوو بە ڕووی هاندەران دەکرێنەوە
04:30ی ئێوارە: کۆتینهۆ لە یەکەم پرێس کۆنفرانسیدا وەکو یاریزانی بارسێلۆنا ئامادە دەبێت و وەڵامی رۆژنامەنووسان دەداتەوە
