بارسێلۆنا بەفەرمی یێری مینای گواستەوە ریزەکانی

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەگاتە بارسێلۆنا

K24- هەولێر

بارسێلۆنا بەفەرمی یێری مینای بەرگریکاری یانەی پالمێراسی بڕازیلی گواستەوە ریزەکانی و دوای فیلیپی کۆتینهۆ دەبێتە دووەم گرێبەستی لەم زستانە.

یێری مینا لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە لە ساوپاولۆوە بەرەو بارسێلۆنا بەڕێکەوتووە و ئەمڕۆ کاتژمێر 16:00 بە کاتی هەولێر دەگاتە بارسێلۆنا و پێشبینی دەکرێت سبەی هەینی بە میدیاکان بناسرێنرێت، کە بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت و مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ گرێبەستەکە بە 11،8 ملیۆن یۆرۆ واژووکراوە و مینا بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو تاکو 2023 درێسی بارسێلۆنا دەپۆشێت و چاوەڕێش دەکرێت درێسی ژمارە 24ی بلاوگرانای پێبدرێت، کە پێشتر جێرێمی ماتیۆ دەیپۆشی.

یانەی پاڵمێراس بەفەرمی رۆیشتنی مینای لە ریزەکانی راگەیاندووە و ئەو بەرگریکارە کۆلۆمبییە دەبێتە یەکەم بەرگریکاری کۆلۆمبی لە مێژوودا درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت، کە دەبێتە شوێنگرەوەی خاڤیێر ماسکیرانۆ و لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئەو بەرگریکارە ئارجێنتینییە بەرەو خولی چینی یانە ئیسپانییەکە بەجێدەهێڵێت.

هەواڵی رۆیشتنی مینا لە ماڵپەڕی پاڵمێراسەوە
هەواڵی رۆیشتنی مینا لە ماڵپەڕی پاڵمێراسەوە