حكومەتی عێراق: لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و عەبادی هەیە

"جەختیان لە چارەسەری كێشەكان كردووەتەوە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە داڤۆس سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق پابەندبوونی خۆیان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردووەتەوە.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لە داڤۆس حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کردوو، هەردوولاش جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە گوێرەی دەستووری عێراق کردەوە".

 گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتی چارسەرەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کردەوە، دوای ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرایەوە".