پزیشکیان: دانوستان لەژێر سایەی هەڕەشە و گوشاردا سەپاندنە نەک دیالۆگ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هەمیشە پێداگری لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری دیپلۆماسی کردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە دانوستان لەژێر سایەی زۆرلێکردندا دانوستان نییە، بەڵکوو سەپاندنە.
سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام هەمیشە بژاردەی دیپلۆماسی هەڵبژاردووە، بەڵام گوتی "گفتوگۆ تەنیا ئەو کاتە واتا و ئەگەری سەرکەوتنی هەیە کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە، پابەندبوونی هاوبەش و وەلانانی گوشار و هەڕەشە بێت؛ چونکە دانوستان لەژێر سایەی زۆردا، سەپاندن و زۆرلێکردنە نەک دیالۆگ."
پزیشکیان هۆشداریی دا لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی دژی وڵاتان و روونی کردەوە "ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەریخستووە بەکارهێنانی بازرگانی، بانک، تەکنەلۆژیا، وزە و سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی وەک ئامرازێک دژی وڵاتان، تەنیا کێشەیەکی دوولایەنە نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئابووری و گەشەپێدانی تەواوی ناوچەکە و جیهانیش دروست دەکات."
باسی لەوەش کرد، گەمارۆ و گوشارەکانی سەر تاران تەنیا توانا ئابوورییەکانی ئێران سنووردار ناکەن، بەڵکو زیان بە بازرگانی، پێکەوەبەستنەوە، کەرتی وزە و تەواوی سیستەمی ناوچەیی دەگەیەنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسعود پزیشکیان جەختی لەسەر پێکەوەبەستنەوەی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند "ناوچەکەمان ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە خۆڕاگری هەیە لە بەرامبەر شەڕ، قەیران، گوشارە دەرەکییەکان و پەککەوتنی رێڕەوە ئابووری و پەیوەندییەکان، سەرکەوتن لەم رێگەیەشدا پێش هەر شتێک پێویستی بە پێکەوەگرێدانی تواناکانی ناوچەکەیە بە یەکترییەوە."