کوەیت بە بەهای نزیکەی نیو ملیار دۆلار سیستمی دژەدرۆن لە بەریتانیا دەکڕێت

حکوومەتی بەریتانیا ڕێککەوتنێکی نوێی سەربازیی لەگەڵ کوەیت بە بەهای 370 ملیۆن پاوەند راگەیاند، کە بەپێی گرێبەستەکە کوەیت سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی کارکەر بە ژیریی دەستکرد لە کۆمپانیایەکی بەریتانی دەکڕێت، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی درۆنەکان و بەهێزکردنی پارێزبەندیی ئاسمانیی خۆی لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێی سەربازیی لەگەڵ دەوڵەتی کوەیت بە بەهای 370 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 489 ملیۆن دۆلار) راگەیاند. بەپێی گرێبەستەکە، کوەیت سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە کۆمپانیایەکی بەریتانی دەکڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی درۆنەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویان لە هەڵکشان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سیستمی بەرگرییەکە پێکهاتووە لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پەخشکردن و شێواندنی شەپۆلەکان، راداری سەردەمیانە، مووشەکی بەرگریی، هاوکات ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن کە بە "هۆشی دەستکرد" (AI) کار دەکات.

سیستمەکە لەلایەن کۆمپانیای مارسەوە دابین دەکرێت کە بنکەکەی لە لەندەنە و سەر بە کۆمپانیای ئی ئۆ ئێسی ئوسترالییە.

ئەم گرێبەستە تەنیا رەهەندێکی سەربازیی نییە، بەڵکو پاڵپشتییەکی بەرچاوە بۆ ئابووریی ناوخۆی بەریتانیا؛ بە شێوەیەک کە راستەوخۆ دەبێتە هۆی رەخساندنی 100 دەرفەتی کاری نوێ لە بوارەکانی ئەندازیاری و بەرهەمهێناندا لە کارگەیەکی کۆمپانیای ناوبراو لە شاری بریستۆڵ لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا.

لەو بارەیەوە، بەرپرسانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، لەندەن دەیەوێت کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی بەرگری بکاتە دەرفەتێک بۆ بووژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکەی و هاندانی گەشەی ئابووری.

بەریتانیا لە مێژوودا پێگەیەکی دیاری هەبووە لە پڕچەککردنی هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چەک، تەکنۆلۆژیای سەربازی و فڕۆکەی جەنگی، ئەم گرێبەستە نوێیەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کوەیتە بۆ بەهێزکردنی پارێزبەندیی ئاسمانیی خۆی لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هاتوونەتە کایەوە.