بەغدا مووچەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە خەرج دەكات
حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی
K24 - ھەولێر
حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە، پێش كۆتاییھاتن بە كاری لیژنەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران، مووچەی مانگێكی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی كوردستان خەرج بكات.
ڤیان جاف، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە مووچەی مانگێكی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی كوردستان خەرج بكات، تا كاری لیژنەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دوو وەزارەتە تەواو دەبێت".
چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوایان لە لیژنەكەی بەغدا كردبوو، پێش تەواوبوونی وردبینی لە لیستی فەرمانبەران مووچەی مانگێكی ھەردوو وەزارەت خەرج بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر لیژنەیەكی حكومەتی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردبوو، دوای كۆتاییھاتنی قۆناغی یەكەمی كارەكانیان ئەمرۆ لیژنەیەكی دیكە بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی وردبینی لە لیستی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە لە بەغداوە گەیشتە ھەرێمی كوردستان.