لیژنەیەكی دیكەی بەغدا بۆ وردبینی لە لیستی فەرمانبەران گەیشتە ھەولێر

قۆناغی دووەمی وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەست پێدەكات

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "قۆناغی یەكەمی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە كۆتاییھات و قۆناغی دووەمی وردبینی دەست پێدەكات".

دكتۆر سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ لیژنەیەكی 9 كەسی لە دیوانی چاودێری عێراق گەیشتنە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ھەولێر، ھەموو ئەو پێداویستیانەمان ئامادەكردووە كە داوایان كردووە".

گوتیشی: "ئەو لیژنەیە زیاتر كارلەسەر میلاكی سەرچاوە مرۆییەكان و لیستی مووچە كار دەكات، ئەو لیستانەی كاری لەسەر دەكەن لە ساڵی 2015وە دەست پێدەكات، ھەروەھا وردبینی لە لیستی دەرماڵە و پسپۆری و بەرزكردنەوەی مووچە و مۆڵەت، ئێمە پێشتر ھەموومان ئامادەكردووە".