یه‌كێتی دووچاری گرفت بووه‌ و ناتوانێت 11 كه‌سه‌كه‌ هه‌ڵبژێرێت

كێ یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌بات؟

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2ce259f9-9652-4b4a-8394-d979b532a979/012918MDW.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

دوای چەندین کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک یەکێتی هێشتا نەیتوانیوە دەستەیەکی 11 کەسی بۆ سەرپەرشتی کارەکانی حزب و وادەیەکیش بۆ کۆنگرەی ئایندەی یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی دیاری بکات.

بەرپرسێکی راگەیاندنی ئه‌و حزبه‌ دەڵێت لەکارخستنی مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتی، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیش دەڵێت: "پەیڕەوێکی نوێیان بۆ کۆنگرە ئامادەکردووە کە رێگری لە دیاردەی دەستەگەری دەکات".

یەکێتی بەرەو کۆمەڵێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەنگاو دەنێت و ھێشتا ھەنگاوە ناوخۆییەکانی بۆ یەکخستنی ناو ماڵی خۆی نەگەیشتۆتە رێڕەوێکی بێ به‌ربه‌ست، وەک بەشێک لە بەرپرسەکانی دەڵێن: چەندین کۆبوونەوەی بێ ئەنجام لە چەند رۆژی ڕابردوو ئەنجام دراون, كه‌چی ھێشتا نەتوانراوە دەستەیەکی 11 کەسی بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ بۆ راپەراندنی کاری حزب تا کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی دەستنیشان بکەن، ئەگەرچی نزیکەی 3 مانگە باس لە سڕکردنی مەکتەبی سیاسی کراوە.

ئەندامێکی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی دەڵێت لەکار خستنی مەکتەبی سیاسی ئێستا کێشەکانی ناو یەکێتی قوڵتر دەکاتەوە.

زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەوەن لە 5ى ئاداری ئەمساڵ کۆنگرەی چواره‌می یەکێتی نیشتمانی کوردستان ببەسترێت، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بە دووری دەبینن لە ماوەی 35 رۆژی داھاتووی کێشە ناوخۆییه‌کانی یه‌كێتی چارەسەر بن.

بەرپرسێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی یەکێتیش پێی باشە لە کۆنگرەدا کێشەکان چارەسەر ببن و سەرلەنوێ سەرکردایەتی و سیاسەتی نوێ بە یەکێتی ببەخشن.

دەستەگەری و راو ئاراستەی جیاوازی کارکردن لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوێ نییە لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتیەوە ھەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵێت: "بۆ کۆنگرەی ئایندەی یەکێتی پەیڕەوێکیان داڕشتووە کە تێیدا دیاردەی تەکەتولات و دەستەگەری ناھێڵن".

دوایین کۆنگرەی یەکێتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچووە و ماوەی 4 ساڵە کۆنگرەی ئەو حزبە دواکەوتووە، بە ھۆی ناکۆکی و رای جیاوازیشەوە بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەن.