وەزارەتی دارایی روونكردەوە لەسەر پارەكەی بەغدا دەدات

ھەموو لایەك دڵنیا دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، روونكردنەوەی فەرمی لەبارەی ئەو 250 ملیار دینارە دەدات كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردراوەتە ھەولێر.

لە روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی ھاتووە: "رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 25/1/2018، بڕی(250) دوو سەد و پەنجا ملیار دینار، لە بانكی مەركەزی بەغدا نێردراوە بۆ فەرعی بانكی مەركەزی عێراق لە هەولێر، ئەم بانكە  پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە نییە و كارەكانیان لە ژێر بڕیاری بانكی  مەركەزی دایە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی دارایی دەڵێ: "وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی لە بەغداوە پێنەگەیشتووە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵكو لیژنەكانی پێكهاتوو لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن لە وردبینی لەسەرجەم وەزارەتەكان جگە لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ".

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: "وەزارەتی دارایی و ئابووری هەموو لایەك دڵنیا دەكاتەوە كە بەردەوام دەبین لەسەر دابەشكردنی مووچە و هەر بڕە پارەیەك لە بەغداوە بێت وەزارەتمان رایدەگەینێت".