به‌غدا بڕيارێكى سه‌ربازى له دژى ئه‌فسه‌رانى كورد له كه‌ركووك ده‌ركرد
داواى پێداچوونه‌وه به بڕوانامه و پله سه‌ربازييه‌كانيان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
به هۆى فه‌رمانێكى ئيدارى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه‌وه ژيان و چاره‌نووسى وه‌زيفى نزيكه‌ى 500 ئه‌فسه‌رى كورد له كه‌ركووك كه‌وتووه‌ته مه‌ترسييه‌وه و به‌غدا داواى پێداچوونه‌وه به بڕوانامه و پله سه‌ربازييه‌كانيان ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ى دادگاييكردنى سه‌ربازى له سه‌رپێچيكاران ده‌كات.
به گوێره‌ى نووسراوێكى ره‌سمى، كه وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق/ به‌ڕێوبه‌رايه‌تى كاروبارى تاوانه‌كان و جموجۆڵ و پلانى ئه‌منى به ژماره (18/83ق) له 30ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018 فه‌رمانه‌كه‌ى ده‌ركردووه و ئاراسته‌ى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى پۆليسى پارێزگاى كه‌ركووك و دامه‌زراوه‌كانى كردووه و تێيدا ليژنه‌يه‌كى بۆ پێداچوونه‌وه به بڕوانامه و پله‌ى سه‌ربازى ئه‌فسه‌رانى كورد راسپاردووه ده‌ست به‌كاره‌كانيان بكه‌ن و سه‌رپێچيكاران ره‌وانه‌ى دادگاى تايبه‌تمه‌ند بكه‌ن بۆ سزادانيان.
فه‌رمانه ئيدارييه‌كه واژووى فه‌ريق، مۆفه‌ق عه‌بدولهادى تۆفيق، بريكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ كاروبارى پۆليسى له‌سه‌ره و رۆژى يه‌كى شوبات واژووى له‌سه‌ر كردووه و گشتاندنى بۆ كردووه.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره كوردانه‌ى كۆليژه سه‌ربازييه‌كانى قه‌ڵاچوالان و زاخۆ و ئه‌كاديمياكانى پۆليسيان له هه‌رێمى كوردستان ته‌واوكردووه و له دواى 2003ه‌وه له كه‌ركووك رووبه‌ڕووى تيرۆر بوونه‌ته‌وه و له بوارى ئه‌منى خزمه‌تيان كردووه، له ئێستادا له لايه‌ن به‌غداوه رووبه‌ڕووى لێپرسينه‌وه و پشكنينى دۆسييه‌كانيان كراونه‌ته‌وه.
ئه‌فسه‌رێكى كورد له هێزه ئه‌منييه‌كانى كورد له كه‌ركووك تايبه‌ت به كوردستان24ى راگه‌ياند، ئه‌و فه‌رمانه ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو پارێزگاكانى عێراق بێت، كورد كێشه‌ى له‌گه‌ڵى نييه، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نيا بۆ سزادان و نه‌هێشتنى رۆڵى كورد له كه‌رتى ئه‌منى كه‌ركووك ئه‌و فه‌رمانه‌يان ده‌ركردووه.
گوتيشى: به سه‌رپه‌رشتى راسته‌وخۆى حكومه‌تى عێراق هه‌زاران چه‌كدارى ميليشياكان به پله‌ى سه‌ربازى و ئه‌منى خزێندراونه‌ته كه‌رتى ئه‌منى و ريزى هێزه‌كانى پۆليسى ئيتيحادى و پۆليس و سوپاى عێراقه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان نايانه‌وێت دان به بڕوانامه‌ى ئه‌فسه‌رانى كورد بنێن كه له ئه‌كاديميا و كۆليژه سه‌ربازييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ستيانهێناوه.
له دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردووه‌وه، حكومه‌تى عێراق ژماره‌يه‌ك بڕيارى ئيدارى و فه‌رمانى سه‌ربازى له دژى كورد له سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك و ناوچه كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركردووه.
