خەلاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2026 بەخشرایە پارێزەری دێرینی نێڵسۆن ماندێلا

لێژنەی نۆبڵی نەرویج بە فەرمی رایگەیاند، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2026 دەبەخشرێتە دادوەر و یاساناسی دیاری ئەفریقای باشوور "نافانێتەم (ناڤی) پیلای"، لە پای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پێشخستنی ئاشتی، سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، لێژنەی نۆبڵ لە راگەیەندراوی بەخشینی خەڵاتەکەدا جەختی لەوە کردەوە، پابەندبوونی ناڤی پیلای بە بنەما یاساییە جیهانییەکان و بنەما پتەوە ئەخلاقییەکانی بە درێژایی کاروانی پیشەیی، شایستەی ئەم رێزلێنانەیە، ئاماژە بەوەش دراوە کە ناوبراو دەوڵەتان و سەرکردەکانی رووبەڕووی لێپرسینەوە کردووەتەوە و هیوای بۆ قوربانییانی توندوتیژی و ململانێکان گەڕاندووەتەوە، لە هەموو ئەو پۆستانەی وەریگرتوون هەمیشە جەختی لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان و تاکەکان کردووەتەوە لە پابەندبوون بە سەروەریی یاسا.

نافانێتەم "ناڤی" پیلای، کە لە بنەچەی تاملی هیندییە، رۆڵێکی مێژوویی و سەرەکی لە گەشەپێدانی سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتیدا گێڕاوە، لە سەرەتای کارکردنیدا وەک پارێزەر، بەرگری لە نێڵسۆن ماندێلا و تێکۆشەرانی دژ بە ڕژێمی ئاپارتاید (جیاکاریی ڕەگەزی) لە ئەفریقای باشوور کردووە، ناوبراو دواتر بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی بەدەست هێنا.

لە کاروانی پیشەییدا وەک دادوەر لە دادگای باڵای ئەفریقای باشوور، سەرۆکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ رواندا (ICTR)، دادوەر لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی (2008 تا 2014) خزمەتی کردووە.

یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ناڤی پیلای لە بواری دادوەریی نێودەوڵەتیدا، رۆڵی یەکلاکەرەوەی بووە لە دەرکردنی بڕیارە مێژووییەکاندا سەبارەت بە ناساندنی توندوتیژیی سێکسی و پڕوپاگەندەی رقوکینە وەک "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" و بەشێک لە "جینۆساید".

لێژنەی نۆبڵی نەرویجی لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی دەستپاکی، ئازایەتی و راستگۆیی بێوێنەی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانبارانی جەنگ و چەسپاندنی دادپەروەری بۆ قوربانییان لەسەر ئاستی جیهان، پیلای وەک یەکێک لە دەنگە هەرە کاریگەرەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرندا دەمێنێتەوە.