ئارام شێخ محه‌مه‌د: وردبینی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێویستی به نێوه‌ندگیری لایه‌نی سێیه‌مه
پرۆسه‌ی وردبینی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نوقمی رۆتینات كراوه
K24- هه‌ولێر:
ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، چیتر لایه‌نه كوردستانییه‌كان رێگه به به‌غدا ناده‌ن خۆڵ به‌چاوی خه‌ڵكی كوردستاندا بكات و هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تێنێت و مافه داراییه‌كانی لێ زه‌وت بكات.
شێخ محه‌مه‌د له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داواشیكرد، لایه‌نی سێیه‌م نێوه‌ندگیری له پرۆسه‌ی وردبینی له ناو و لیستی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا بكات، كه ئێستا له‌لایه‌ن لێژنه‌كانی حكومه‌تی عێراقه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، "به‌هۆی نه‌بوونی لایه‌نی سێیه‌م بۆ نێوه‌ندگیری و چاودێریكردنی لێژنه‌كانی وردبینی، بووه‌ته هۆی درووستبوونی كێشه‌یه‌كی گه‌وره و پرۆسه‌كه نوقمی رۆتینات كراوه".
گوتیشی: "چیتر رێگه به به‌غدا ناده‌ین له بودجه‌ی فیدراڵ‌دا مافه‌كانی گه‌لی كورد پێشێل بكات و مافه داراییه‌كانی زه‌وت بكات، پێویسته بچووكترین مافی كورد له‌به‌رچاو بگیرێت".
ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێكه، ژماره‌یه‌ك لێژنه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون، بۆ ئه‌وه‌ی وردبینی له ناو و لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه زۆر به‌هێواشی به‌ڕێوه ده‌چن، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیش گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی، به‌غدا هیچ نیازێكی بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نییه و، ئه‌وه‌ی ده‌یكات ته‌نیا كات به‌فیڕۆدان و نزیكبوونه‌وه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ماوه‌ی زیاتر له 3 مانگه به‌غدا نه‌وتی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌فرۆشێت، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له داهاته‌كه‌ی بۆ كوردستان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.ش