پێنج کەس بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک لە ئیستانبوڵ گیانیان لەدەستدا

دوای دەرهێنانی تەرمی سێ کەسی دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە ناوچەی ماڵتەپەی شاری ئیستانبووڵ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا بۆ پێنج کەس بەرزبووەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەیانیی دوێنێ بەشێکی باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە شەقامی "دۆغوو" لە گەڕەکی "جەڤیزلی" سەربە ناوچەی ماڵتەپەی ئیستانبووڵ داڕما، بەتایبەت سێ نهۆمی خوارەوەی، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاووڵاتی لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکەدا گیریان خوارد.

تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد - AFAD)، بۆ گەیشتن بەو سێ کەسەی لەژێر داروپەردووەکەدا مابوونەوە، لە نهۆمەکانی سەرەوە بە شێوازێکی کۆنتڕۆڵکراو دەستیان بە تێکدانی بەشێک لە باڵەخانەکە کرد بۆ ئەوەی بە تەواوی نەڕووخێت. لە میانی کارەکانیشدا چەندین جار کارەکان ڕادەگیران بە مەبەستی گوێگرتن لە دەنگی ئەگەریی مانەوەی کەسانی زیندوو.

سەرەنجام تیمەکان توانییان تەرمی بێگیانی ئەو سێ کەسەش لەژێر داروپەردووەکە بهێننە دەرەوە و بەوەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە رووداوەکەدا گەیشتە پێنج کەس.

دوای دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ کەسێکی دیکە لەژێر پاشماوەکاندا نەماوە، تیمەکانی فریاگوزاری کۆتاییان بە پرۆسەی گەڕان هێنا و لە ئێستادا ئامێرە قورسەکان سەرقاڵی لابردنی داروپەردووەکەن. هاوکات تیمە ئەندازیاری و پسپۆڕەکان نموونەیان لە کۆڵۆن و پایەکانی هەموو نهۆمەکانی باڵەخانەکە وەرگرتووە تاوەکو لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی باڵەخانەکە بکرێت.