مالیكی چاوی له زۆرینه‌ی سیاسییه و ئاماده‌یه هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كوردیش ببه‌ستێت
"مالیكی بۆ زۆرینه‌ی سیاسی هێلی سووری دانه‌ناوه"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی لوبنانی ئاشكرای ده‌كات، نووری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆمارى عێراق، له هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی سیاسیدایه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێلی سووری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك دانه‌ناوه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "الاخبار"ی لوبنانی، مالیكی هه‌وڵه‌كانی ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی له په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق مسۆگه‌ر بكات و ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ كوردیش ببێته هاوپه‌یمان.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له نووسینگه‌ی مالیكی ئاشكرای ده‌كات، نووری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا، هێلی سووری له‌سه‌ر هیچ حزب و لایه‌نێك دانه‌ناوه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ پێكبهێنێت و گوتوویه‌تی: "ئاماده‌ین هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌ن و حزبێكدا بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حزبه كوردییه‌كانیش بێت، به پارتیشه‌وه".
سه‌رچاوه‌كه دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له دوای ریفراندۆمیش، مالیكی له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان له په‌یوه‌ندیدا بووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته, روونیشی ده‌كاته‌وه، تا ئێستا لێكتێگه‌یشتنه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی هاوپه‌یمانی پێكبهێنن.
له باره‌ی بوونی هێلی سوور له‌سه‌ر عه‌بادی، سه‌رچاوه‌كه رایگه‌یاندووه، ئه‌وان هێلی سووریا‌ن به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌هێناوه و ده‌ڵێت: "به‌ڵام ئه‌و لێدوانانه‌ی ئێستای عه‌بادیان بۆ شیناكرێته‌وه و مه‌به‌سته‌كانی بۆ زۆرینه‌ی سیاسی روون نین".
ماوه‌یه‌كه له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا، باس له پێكهینانی هاوپه‌یمانێتی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی له‌ناو په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق پێكبهرێت و چیدیكه كار به بنه‌مای ته‌وافوقی سیاسی نه‌كه‌ن له وڵات، كه له دوای ساڵی 2003ه‌وه ره‌چاو ده‌كرێت.
ا. م