ئه‌مه‌ریكییه‌كان گوێیان له‌ ده‌نگێكی نامۆ ده‌بێت و نازانن سه‌رچاوه‌كه‌ی كوێیه‌

هه‌ندێك كه‌سیش به‌ هۆیه‌وه‌ كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌

K24 - هه‌ولێر:

وێبسایتی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی، له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دانیشتووانی شارۆچكه‌ی تاوسی ویلایه‌تی نیو مه‌كسیكۆ، گوێیان له‌ ده‌نگێكی نامۆ و بێزاركه‌ر ده‌بێت و هه‌ندێكیان بۆ رزگاربوون له‌و ده‌نگه‌، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر خۆ كوشتن.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، ده‌نگه‌كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ بێزاركه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ بیستۆكی بچووكی گوێ ده‌رده‌چێت و پێی ده‌گوترێت "ژاوه‌ژاوه‌ی تاوس – Taos Hum"، ده‌نگه‌كه‌ بێزاركه‌ره‌ و هاوشێوه‌ی ده‌نگی ئامێرێكی كاره‌باییه‌ به‌رده‌وام كاربكات.

سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كه‌ دیار نییه‌ و شه‌و و رۆژ، دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ گوێبیستی ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌بن.

ستیڤ ئانۆسیلی، مامۆستای زانستی توێكاری و فه‌رمانه‌كانی جه‌سته‌، له‌ كۆلێژی سان جۆزیف، بۆ سی ئێن ئێن ده‌ڵێت: "به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی، به‌ رێژه‌ی 2%ی دانیشتووانی تاوس، گوێبیستی ئه‌و ده‌نگه‌ بێزاركه‌ره‌ ده‌بن، كه‌ به‌رده‌وام له‌ مێكشیان ده‌خوولێته‌وه‌ و گوێبیستی ده‌بن".

به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌و پرۆفیسۆره‌، ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌ ده‌نگه‌كه‌ ده‌بێت، ژانه‌سه‌رێكی توند ده‌گرن و دووچاری ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نازانن سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ چییه‌.

وێبسایتی سی ئێن ئێن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌س نازانێت سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كه‌ چییه‌ و له‌ كوێوه‌ دێت، به‌ڵام شه‌و و رۆژ و هه‌موو كاتێك، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئازار ده‌دات كه‌ گوێیان لێیه‌تی، سه‌ره‌تا وا ده‌زانن نه‌خۆشییه‌كه‌ دووچاری گوێیه‌كانییان بووه‌.

ئانۆسیلی باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌و ده‌نگه‌ ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌سفی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام ئامێرێكی وه‌كو "سه‌لاجه‌"، یاخود بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێل كار ده‌كات.

به‌هێزی ده‌نگه‌كه‌ له‌ له‌لای هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌گۆڕێت، هه‌ندێكیان ته‌نها پێی بێزار ده‌بن و هه‌ندێكیشیان به‌هۆی به‌هێزی ده‌نگه‌كه‌، دووچاری مۆته‌كه‌ ده‌بن.

پرۆفیسۆره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و ده‌نگه‌ ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ تێكده‌دات، چونكه‌ ناتوانن له‌و ده‌نگه‌ دووربكه‌ونه‌وه‌، هه‌موو كات و رۆژێك ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ گوێیه‌كانییان ده‌زرنگێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ڵك، كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌.

به‌ گوێره‌ی وێبسایته‌كه‌، هه‌ندێك له‌ زانایان پێشبینی ده‌كه‌ن، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌ی نزیك ناوچه‌كه‌ بێت و ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ ژێر زه‌وی ده‌ربچێت، هه‌ندێكی دیكه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئاراسته‌كردنی شه‌پۆلی نزمی رادیۆیه‌، كه‌ به‌ سیسته‌می "ELF – Extremely Low Frequency" ناسراوه‌ و له‌ شوێنه‌ سه‌ربازییه‌ نهێنییه‌كانه‌وه‌ له‌ بیابان ئاراسته‌ ده‌كرێن.

به‌ گشتی ئه‌و شه‌پۆله‌ نزمه‌ ئاراسته‌ی شوێنه‌كانی دوژمن ده‌كرێت و ته‌كنیكێكی جه‌نگییه‌، وا له‌ دوژمن ده‌كات، به‌ جۆرێك دوژمن گوێی له‌ ده‌نگی "ژاوه‌ ژاو، سیكه‌ سیك و خشه‌خش"ی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ر لێشێوان و تێكدانی ده‌روونی و مێشكی دوژمن.

تاوس، له‌ نیو مه‌كسیكۆیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كولتووری كۆنی ئه‌مه‌ریكییه‌ ره‌سه‌نه‌كان، دانیشتووانه‌ ره‌سه‌نه‌كان له‌و بڕوایه‌دان، سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كه‌ زه‌وییه‌ و ده‌ڵێن: "زه‌وی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات".

تا ئێستاش سه‌رچاوه‌ی ده‌نگه‌كه‌ دیار نییه‌ و ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی گوێی له‌و ده‌نگه‌ ده‌بێت، یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ رابێت، یان ژیانی بگۆڕێت و ناوچه‌كه‌ جێبهێڵێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسووده‌یی بژی، یان كۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت.

ا. م