باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا: ئازارەکانی ھەڵەبجە بەسن بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی له‌ جیهان

چاومان لەوەیە لە داھاتوودا دامەزراوە و ئێن جی ئۆکانی ئەمریکا ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەڵەبجە و زانکۆی ھەڵەبجە بکەن

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق, له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند، ئازاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی له‌ جیهان قه‌ده‌غه‌ بكرێت.

سیلیمان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا راشیگەیاند, چاومان لەوەیە لە داھاتوودا دامەزراوە و ئێن جی ئۆکانی ئەمریکا ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەڵەبجە و زانکۆی ھەڵەبجە بکەن.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ کونسوڵی وڵاتەکەی لە ھەولێر سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەیان کرد و جەختیان کردەوە بیرەوەری و ئازارەکانی ھەڵەبجە بەسن بۆئەوەی بە جیھان بڵێین چەکی کیمیایی بە یەکجاری لە سەر گۆی زەوی لەناوببرێت.

دۆگلاس سیلیمان گوتیشی: "خەڵکی ھەڵەبجە و ئەم ناوچەیە زیاتر لە ھەرکەسی دیکە لە مەترسی چەکی کیمیایی و دڕندەیی ئەو رژێمانە تێدەگەن کە چەک کیمیایی لە دژی خەڵکی خۆیان بەکاردەھێنن. لێرە لە ھەڵەبجە بێجگە لە باسی کردنی رابردوو گفتوگۆیەکی باشمان لەگەڵ پارێزگاری ھەڵەبجە ھەبوو".

هه‌روه‌ها گوتی: "دڵخۆشم کە پارێزگاری ھەڵەبجە شارەکەی بە شاری پێکەوەژیان و یەکسانی جێندەر و شاری ئاشتی ناساند. باسمان لە رێگا نوێکان کرد بۆ ئەوەی ئەمریکا و دامەزراوەکانی و ئێن جی ئۆکانی ئەمریکا بتوانن ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەڵەبجە و زانکۆی ھەڵەبجە بکەن، چاومان لەوەیە ئەو دەرفەتانە ھەڵبسەنگێنن".

ا. م