کلیچدار ئۆغلوو: ئەردۆغان رژێمی تاکە پیاو و دیکتاتۆریەت دەگەرێنێتەوە

"میدیاکان دادەخرێن و دەنگی ئازاد کپ دەکرێت"

K24 - ھەولێر

کەمال کلیچدار ئۆغلوو، سەرۆکی پارتی گەلی كۆماری (جەھەپە) رایدەگەیەنێت، لەژێر دەسەڵاتی ئاکپارتیدا ترس و دڵەراوکی باڵی بەسەر تورکیادا کێشاوە و ئەردۆغان دەیەوێت رژێمی تاکە پیاو و دیکتاتۆریەت بۆ تورکیا بگەرێنێتەوە.

کلیچدار ئۆغلو،  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس دەڵێ: "لەجیاتی دەستەواژەی کودەتاکەی 15ی تەمموز ئێمە کودەتاکەی 20 تەمموز بەکاردەھێنین چونکە لەو رۆژە بەدواوە دیموکراسی لە تورکیا بەرتەسك کراوەتەوە ئەندام پەرلەمان دەستگیر دەکرێن و میدیاکان دادەخرێن و دەنگی ئازاد کپ دەکرێت".

کەمال کلیچدار ئۆغلوو، گوتی: "پارتی دەسەڵاتدار پێیوایە ئەم فشارەی کە ئێستا دروستکردووە بەس نییە. ئەوان ھەڵبژاردنەکمان وەك رێگایەکی دیکە بۆ زیاترکردنی فشارەکانیان دەبینن، بۆئەوەی دەسەڵاتەکانیان فراوانتر بکەن و دیموکراسی بە تەواوی ھەڵپەسێرن. بینیمان ھەتاوەکو دەسەڵاتیان زیاتر بێت زیاتر توندوتیژتر دەبن. دەیانەوێت رژێمی تاکە پیاو دروست بکەن".

گوتیشی: "پێموایە دەتوانین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرێژە 60% ببەینەوە، چونکە کۆمەڵگە دوو بژاردەی لەبەردەمە. یەکەم، رژێمی تاکە پیاو واتە دیکتاتۆریەت. دووەم، دیموکراسیە و بەشێکی زۆر لە خەڵکی پاڵپشتی لە سیستمی دیموکراسی دەکەن. پرۆژەمان ئەوەیە رێز لە ھەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکان دەگرین و کێشەکان چارەسەر دەکەین و ستاندارەکانی یەکێتی ئەوروپا دەھێنینە ناو تورکیا. ئێمە راگەیاندنی باری نائاسایی ناو دەنێین کودەتاکەی 20ی تەمموز چونکە فشارەکانی سەر میدیا و دەستگیر کردنی پەلەمانتاران و گرتنی رۆژنامەنووسان و بێدەنگ کردنی رێکخراوە ناحکومیەکان و دەستگیر کردنی بەرێوەبەرەکانیانی بەدوای خۆیدا ھێناوە. لە 20ی تەممووزەوە فشار لەسەر کۆمەڵگە زیادی کردووە. پشت بە خوا لە 24ی حوزەیران بەتەواوی کۆتاییان پێدەھێنین. ھیوادارم 24ی حوزەیران بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و  25ی حوزەیران ھیوا بگەرێننەوە بۆ وڵات".

ھ.م