په‌لوپۆی ئه‌خته‌بووته‌كه له سووریا ده‌بڕدرێته‌وه
ئیسرائیل پێگه‌كانی فه‌یله‌قی قودسی ئێران له سووریا ده‌كاته ئامانج
K24 - هه‌ولێر:
سوپای ئیسرائیل ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، فرۆكه جه‌نگییه‌كانیان سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌یان ئامانجی سه‌ربازی سه‌ر به فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان له سووریا كردووه ئامانج.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سوپای ئیسرائیل، پێگه هه‌واڵگرییه‌كانی ئێران كه له‌لایه‌ن فه‌یله‌قی قودس كاراكراون به‌ر بۆمبابارانه‌كان كه‌وتوون.
هه‌روه‌ها باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی لۆجیستی سه‌ر به فه‌یله‌قی قودس. كۆمه‌ڵگای سه‌ربازی و كۆمه‌ڵگای لۆجیستی سه‌ر به فه‌یله‌قی قودس له كسوه. سه‌ربازگه‌یه‌كی ئێران له باكووری دیمه‌شق. كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی فه‌یله‌قی قودس له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دیمه‌شق. هه‌روه‌ها سیستم و پێگه‌كانی هه‌واڵگری سه‌ر به فه‌یله‌قی قودس و پێگه‌ی چاودێری و پێگه‌ی سه‌ربازی.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، فڕۆكه‌كانیان له‌كاتی بۆمبابارانكردنی ئه‌و پێگه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییانه‌دا له‌لایه‌ن به‌رگریی ئاسمانی سووریا وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه. به‌ڵام فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل به سه‌لامه‌تی گه‌ڕاونه‌ته‌وه بنكه‌كانی خۆیان.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، بۆمبابارانكردنی پێگه‌كانی ئێران به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووه دوێنێ فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران مووشه‌كیان به‌ئاراسته‌ی پێگه‌كانی پێشه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل له به‌رزاییه‌كانی جۆلان ته‌قاندووه هه‌ر چه‌نده هیچ زه‌ره‌ر و زیانێكی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه.