ئه‌مه‌ریكا دوای پشكنینی ئه‌و وه‌زیره كه‌نه‌دییه په‌شیمان بووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی گواستنه‌وه، له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، "په‌شیمانی" له پشكنینی وه‌زیری داهێنانی كه‌نه‌دا ده‌ربڕیوه، دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كێك له فڕۆكه‌خانه‌كان، داوایان له وه‌زیره‌كه كردووه جامانه‌كه‌ی بهێنێته خواره‌وه.
ئاژانسی بلوومبێرگی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ناڤدیپ باینز، كه‌سێكی سیخییه و له ساڵی 2015ه‌وه، پۆستی وه‌زاره‌تی داهێنان و زانست و گه‌شه‌پێدانی ئابووریی له حكوومه‌ته‌كه‌ی جه‌ستن ترودۆ وه‌رگرتووه، له مانگی نیسانی رابردوو، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت شاری دیترۆیتی ئه‌مه‌ریكا جێبهێڵێت، له فڕۆكه‌خانه ئه‌فسه‌رێكی پشكنین داوای لێده‌كات، جامانه‌كه‌ی سه‌ری بهێنێته خواره‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی په‌یڕه‌وكردنی ئایینه‌كه‌ی ره‌تیده‌كاته‌وه جامانه‌كه‌ی لابدات، به‌و پێیه‌ی له ئایینه‌كه‌یدا، ئه‌و جامانه‌یه شتێكی پیرۆزه و ناتوانێت لایبدات.
باینز، له لێدوانێك بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی "مۆنتریال لاپرێس" گوتی: "كه زانیان من كێم و له پۆستێكدام، رێگه‌یاندا گه‌شته‌كه‌م بكه‌م"، هاوكات ئه‌و وه‌زیره، رووداوه‌كه‌ی به جیاكاری لێكداوه‌ته‌وه و یه‌كه‌مجاریشه رووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی له‌و جۆره ده‌بێته‌وه، به گوێره‌ی لێدوانه‌كه‌شی، دواجار به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، داوای لێبوردنیان لێكردووه.
لای خۆیه‌وه، كریستینا فریلاند، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ واشنتن قسه‌ی كردووه و هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له باره‌ی رووداوه‌كه نیشانداوه.
فریلاند ده‌ڵێت: "به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ده‌ركه‌وتووه ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پشكنینی كردووه، ره‌چاوی رێنماییه‌كانی نه‌كردووه و دواتر ده‌خرێته به‌ر راهێنانی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی رووداوی هاوشێوه دووباره نه‌بێته‌وه".
سیخی ئایینێكه، له باكووری هیندستان له سه‌ده‌ی 16 سه‌ریهه‌ڵدا، سه‌ره‌تا گورو ناناك ده‌ستی به بانگه‌شه كرد له‌گه‌ڵ 9 كه‌سی دیكه، گورو به هیندی واتا مامۆستا، هه‌رچی "سیخی"ـه، له وشه‌ی "سیخ"ه‌وه هاتووه، كه به واتای قوتابی دێت، هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌شی له جیهان به‌كارهێنانییان بوو له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه له شه‌ڕه‌كاندا له‌گه‌ڵ كۆچكردنی په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه بۆ ناوچه‌كانی دیكه.
له كابینه‌كه‌ی جه‌ستن ترودۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا، وه‌زیرانی به‌رگری كه هارجیت ساجانه، له‌گه‌ڵ وه‌زیری داهینانی و زانست و گه‌شه‌پێدانی ئابووری، كه ناڤدیپ باینزه، له په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینه‌ن و له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه به‌ره‌و كه‌نه‌دا كۆچیان كردووه.
ا. م