وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارەكان بۆ ھەڵبژاردنەكانی كوردستان دیاركرا
ھەر لیستێك نابێ لە سێ كاندید كەمتر بێت
K24 - ھەولێر
ژیار دزەیی، بەرپرسی تۆماری قەوارە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند: "سبەی دەست بە تۆمارکردنی ناوی قەوارە و لایەنە سیاسییەکان دەکەین".
گوتیشی: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاکە کەس ناتوانێت خۆی کاندید بکات، بەڵکو دەبێت لە شێوەی لیست خۆی تۆمار بکات، کە هەر لیستێکیش نابێت لە سێ کاندید کەمتر بێت".
ژیار دزەیی، روونی كردەوە: "رۆژی 7ی حوزەیران دوا وادەی خۆتۆمارکردنی لایەن و قەوارە سیاسییەکانە".
ئەوەشی خستەروو: "ئەو لایەنانەی پێشتر ناوی خۆیان لە كۆمسیۆن تۆماركردبوو بە فەرمانێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران تۆماركردنیان ھەڵوەشاوەتەوە، ھەندێك گۆڕانكاری لە رێكارەكانی فۆڕمی تۆماركردنی قەوارەكان كراوە، بۆیە دەبێ ئەو قەوارانەی پێشتر ناوی خۆیان تۆماركردبوو دەبێ جارێكی دیكە بێن و فۆڕمی نوێ وەرگرنەوە".
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە رۆژی 30/9/2018 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
ھ.م