ئێران ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كاته‌وه
تاران: ئه‌گه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ده‌م داواكارییه‌كانی ئێرانه‌وه نه‌هاتن له‌ماوه‌ی ته‌نیا 2 تا 3 رۆژ ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته 20%
K24- هه‌ولێر:
به‌هروز كه‌مالوه‌ندی، وته‌بێژی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانی ئاشكرایكرد، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم.
له لێدوانێكدا كه‌مالوه‌ندی دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ته‌نیا له‌ماوه‌ی دوو تا سێ رۆژدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژه‌ی 20% به‌رز بكاته‌وه و گوتی، پرۆسه‌ی پیتاندن له دامه‌زراوه‌ی فۆردۆ بۆ به‌كارخستن ئاماده‌یه.
وته‌بێژی رێكخراوی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپا بیانه‌وێت كۆماری ئیسلامی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیدا بمێنێته‌وه، ئه‌وا پێویسته به‌ده‌م داواكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌مانه‌وه بێن و ئاشكراشیكرد، تائێستا به‌رپرس و شاره‌زایانی ئێرانی په‌یوه‌ندیدار به دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی كۆماری ئیسلامی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه، له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، هه‌ركاتێك وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ده‌م داواكارییه‌كانی ئێرانه‌وه نه‌هاتن، ئه‌وان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كه‌نه‌وه.
H.B