ئورسولا ڤۆن دێر لاین: ئەوروپا بەشداریی دانوستانەکانی ئاشتی ئۆکرانیا دەکات
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، لەگەڵ ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند، تاوتوێی ئەو دانوستانانەی کردووە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئۆکرانیا و روسیا بەڕێوەدەچن. جەختیکردەوە، ئەورووپا لە رێگەی فۆرماتی گرووپی پێنج وڵاتی ئەورووپی (E5) و یەکێتیی ئەوروپاوە بە شێوەیەکی کارا بەشداری لەم پرۆسەیەدا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس نووسیویەتی، ئەوروپا هاوکات بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی زۆرترین پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا و خستنەگەڕی زۆرترین فشار بۆ سەر روسیا. هەروەها دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی فینلاند کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا روونیکردەوە، گفتوگۆکانیان پرسی فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپاشیان لەخۆگرتووە، ئەوەش بەر لە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی فراوانکردنی ئەوروپی. گوتیشی؛ هەردوو لا کۆکن لەسەر ئەوەی فراوانکردنی یەکێتییەکە و بەهێزکردنی، دەبێتە هۆی بنیاتنانی ئەورووپایەکی گەشەسەندووتر و سەربەخۆتر.
پێشتریش یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتییەکە لەسەر ئەو وڵاتانە رێککەوتوون کە نوێنەرایەتیی بلۆکەکە دەکەن لە دانوستانەکانی ئاشتیی تایبەت بە ئۆکرانیا.
ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لەو بارەیەوە رایگەیاند، کیشوەرەکە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و پێنج وڵاتی هاوپەیمانیی ئارەزوومەندان نوێنەرایەتی دەکرێت، کە بریتین لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و پۆڵەندا.
لێدوانەکانی کۆستا لە کۆتایی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دوبلین هات، کە تێیدا گفتوگۆکان سەبارەت بە رێگەکانی رۆڵبینینی ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و پاراستنی ئاسایشەکەی لە میانی ئەو دانوستانانەی ئەمریکا سەرپەرشتییان دەکات، زاڵ بوون؛ ئەو جەنگەی نزیکەی 5 ساڵە بەردەوامە.
ئەم جموجۆڵەی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە سەرکردەکان نیگەرانن لە پاشەکشەی رۆڵی کیشوەرەکە لە دانوستانەکان و ئەگەری بڕیاردان لەسەر داهاتووی ململانێکان بەبێ بەشدارییەکی کارای ئەوروپی. بە بڕوای چاودێران، ئەمەش لەوانەیە ئۆکرانیا بخاتە بەردەم بژاردەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیدا نەگونجێت.
لەلایەکی دیکەوە، کیێڤ هەوڵ دەدات بەردەوامیی پشتیوانیی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی مسۆگەر بکات و دانوستانەکان تەنیا لەسەر ئەمریکا و روسیا قەتیس نەمێنن، بەتایبەت لە سایەی جیاوازیی هەڵوێستەکان سەبارەت بە رێڕەوی چارەسەری و مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
لە بەرامبەردا، مۆسکۆ دژی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەوروپایە لە دانوستانە راستەوخۆکاندا و رەخنە لە پشتیوانییە سەربازی و داراییەکانیان بۆ ئۆکرانیا دەگرێت، چونکە پێیوایە ئەو پشتیوانییانە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی پێکدادانەکان.