ره‌وشی كه‌ركووك مه‌ترسیداره‌و به‌غدا هێز ره‌وانه ده‌كات
"چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكه بووه‌ته شوێنی گردبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان"
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی، ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ركووك به‌هۆی ململانێی سیاسییه له پارێزگاكه‌دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له دوو رۆژی داهاتوودا حكومه‌تی عێراق هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی پارێزگاكه ده‌كات.
رۆژنامه‌ی "العربي الجديد" ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9/6/2018 له زاری ئه‌فسه‌رێكی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی كه‌ركووك كه ناوی نه‌هێناوه بڵاویكردووه‌ته‌وه "پاش ئه‌وه‌ی ناكۆكیی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكه ده‌ركه‌وتووه‌و خۆپیشاندان و مانگرتن ده‌ستیپێكردووه، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی كه‌ركووك رێوشوێنی ئه‌منی توندی گرتووه‌ته‌به‌ر، به‌و هۆیه‌شه‌وه رێگه له چه‌ندین هه‌وڵی كرده‌وه‌ی توندوتیژیی گیراوه كه ویستوویانه دیمه‌نه سیاسییه ناسه‌قامگیره‌كه بقۆزنه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانمان هه‌وڵه هه‌واڵگرییه‌كانیان له پارێزگاكه‌دا چڕتر كردووه‌ته‌وه و چه‌ندین هه‌وڵیان شكستپێهێناوه و ئامانجی ئه‌و هه‌وڵانه‌ش په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران بووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كان كه‌وتوون، ئه‌مڕۆ ره‌وشی ئه‌منی پارێزگاكه زۆر مه‌ترسیدارتر بووه".
به‌رپرسێكی ئه‌منی له "ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك"ـیش به رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه: "لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه، له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی كه‌ركووك په‌یامی بۆ به‌غدا ناردووه كه "پیلانگێڕی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركووك بكریته ئامانج" و حكومه‌تی عێراقیش له ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا بۆ كۆنترۆڵكردنی ره‌وشه‌كه هێزی زیاتر ره‌وانه ده‌كات".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا گوتوویه‌تی: "چه‌ند ناوچه‌یه‌ك بۆشایی ئه‌منی زۆریی تێدایه، له‌و شوێنانه‌دا تیرۆریسته‌كان ده‌توانن كۆببنه‌وه و جووڵه بكه‌ن و ھێرش ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و ناوچانه پێویستیان به هێزی ئه‌منی و سه‌ربازیی زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له گردبوونه‌وه‌و جووڵه و هه‌وڵه‌كانی تیرۆریستان بگرن".
به‌رپرسانی ئه‌منی شاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منیانه له‌سه رشانی خۆیان سووك بكه‌ن ده‌ڵێن: "ره‌وشی ئه‌منی پارێزگاكه به‌هۆی ده‌رهاویشته‌ی واقیعی سیاسی و قه‌یرانی نێوان كوتله‌كانییه‌وه خراپتر بووه".
عه‌زوان محه‌مه‌د كه رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه به شاره‌زای ئاسایش ناویبردووه گوتوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك رووده‌دات و ئه‌و ره‌وشه ئه‌منییه خراپه‌ی هه‌یه، ده‌ره‌نجامی سرووشتی ناكۆكییه سیاسییه‌كانه، پارێزگاكه سه‌قامگیر نابێت ئه‌گه‌ر بێت‌و ره‌وشی سیاسی سه‌قامگیر نه‌بێت".