چوار رۆژی دیکە رەشنووسی بودجەی 2027 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت
چوار رۆژی دیکە رەشنووسی بودجە 2027 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و 100 هەزار کەس دادەمەزرێن و کار بۆ زیادکردنی ژمارەکەش دەکرێت.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاڤێستا مام یەحیا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لە رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2027، 100 هەزار پلەی وەزیفی تەرخان کراوە، بەم شێوەیە دابەش کراوە کە 50 هەزار کەس بۆ هێزە ئەمنییەکان، 50 هەزاریش بۆ دەرچوانی زانکۆیە بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و پێویستە پشکی کوردیش لە ژمارەیە بدرێت.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "بڕیارە رۆژی 10 ئەم مانگە پرۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق و ئەوکات شەڕەکەمان دەستپێدەکەین تا پشکی کوردیش لە دامەزراندن بدرێت، چونکە بەگوێرەی دەستوور دەبێ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دابمەزرێن. لەگەڵ ئەوەشدا عێراق چەندین ساڵە رێگری نەداوە کەس لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت”.
هاوکات یاسەمین نورڵڵا پەرلەمانتاری عێراق، لە هەژماری لە تۆڕی کۆمەلایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو 100 هەزار پلە وەزیفییە زیاد بکەن لەپێناو ئەوەی زۆرترین کەسی شایستەکان دابمەزرێن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای زیاتر لە 14% پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەکات، بەڵام لەو رەشنووسەی بڵاو کراوەتەوە پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% جێگیر کراوە و هەولێر ئەمە رەتدەکاتەوە و رێککەوتنی کۆتاییش نەکراوە.
بەگوێرەی رەشنووسێکی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق کە دەست کوردستان24 کەوتووە، خەرجییەکان بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکان بە 174 ترلیۆن دینار خەملێنراوە، بەمەش کورتهێنانی دارایی دەگاتە 43 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 19.8%ـی کۆی خەرجییەکان، جگە لەوەی بەپێی ئەم رەشنووسە کورتهێنان لە دوو ساڵی رابردوو کەمترە، پشکی هەرێـمی کوردستان لە ساڵی 2023 کەمترە و نرخی دۆلار بە هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، بەڵام هیچ دامەزراندن و بودجەیەک جگە لە بودجەی تەشغیلی بۆ هەرێـمی کوردستان دیاری نەکراوە. پێشبینی ئەوەش کراوە نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار.