8 رۆژە پەکەکە سێ گەنجی باشووری كوردستانی دەستگیركردووە

كەسوكاریان لەبەر پەكەكە ناتوانن بۆ میدیاكان بدوێن

K24 - سۆران

 رۆژی شەممەی رابردوو 2/6/2018 سێ گەنجی دانیشتووی شارەدێی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز، بە مەبەستی ھێنانی قارچك چوونەتە كوێستانەكانی چیای كارۆخ، لەو رۆژەوە لەلایەن ھێزەكانی پەكەكە دەستگیركراون و تائێستا ئازاد نەكراون.

ئەو گەنجانەی كە لەلایەن پەكەكە دەستگیركراون بریتین لە عومەر عەبدوڵڵا مەحموود، لە دایكبووی ساڵی 1995 و هەڵگورد حەمەدەمین عەبدوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی 1995 و دانا خدر هەمزە، لەدایکبووی ساڵی 1998، لە رۆژی دەستگیركردنیانەوە كەسوكار و دامودەزگاكانی شارەدێی وەرتێ، لەگەڵ پەكەكە لە ھەوڵدان بۆ ئازادكردنیان، بەڵام تائێستا ھەوڵەكانیان بێ ئاكابوونە.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری سۆران، لە بەدواداچوونی لەبارەی ھۆكاری دەستگیركردنی ئەو سێ گەنجە لەلایەن پەكەكە پەیوەندیکرد بە کەسە نزیکەکانی گیراوەكان، بەڵام دەڵێن پەكەكە پێیراگەیاندوون كە نیگەرانن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە راگەیاندنەکان ئامادەنەبوون لێدوان لەبارەی دەستگیركردنی كوڕەكانیان بدەن.

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی وەرتێ كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 راگەیاند: "لە رۆژی دەستگیرکردنی ئەو گەنجانەوە لەلایەن پەكەكە لە رێگەی کەناڵاكانی خۆمانەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر هێڵن بۆ ئازادکردنی گیراوەکان، بەڵام ھێشتا ئازاد نەكراون".

پەیامنێری كوردستان24 پەیوەندی بە زاگرۆس ھیوا، بەرپرسی راگەیاندنی پەکەکە لەبناری قەندیل كرد، بەڵام ئامادەنەبوو زانیاری لەبارەی دەستگیركردنی ئەو سێ گەنجە ئاشكرا بكات و گوتی: "ئەو دۆسیەیە پەیوەندی بەلایەنی ئەمنییەوە هەیە بۆیە من ناتوانم لێدوان لەبارەی ئەو بابەتە بدەم".

بەگوێرەی زانیاریەکانی کوردستان24، چەند جارێك کەسوکاری گیراوەکان و گەنج ولاوانی وەرتێ و خانەقا لە گوندی زارگەلی لەبناری قەندیل، سەردانی بەرپرسانی پەکەکەیان کردووە، بۆ ئازادکردنی ئەوسێ گەنجە، بەڵام تائێستا بەرپرسانی پەکەکە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان پێنەداون، هاوکات ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان و لقی10 پارتی و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو پارتە لەهەوڵی ئازادکردنی ئەو سێ گەنجەی شارەدێی وەرتێی سەر بەقەزای رواندزن.

ھ.م