تەلەڤزیۆنەكەی مەلا مەزھەر دادەخرێت

بە فەرمی بڕیاردراوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی كەناڵی تەلەڤزیۆنی سرووشتی دا كە خاوەنەكەی مەلا مەزھەرە.

محەمەد گەردی بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە كوردستان24 راگەیاند: "وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریداوە كەناڵی تەلەڤزیۆنی سرووشت دابخات و سبەی یەكشەممە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت".

گوتیشی: "مەلا مەزھەر كە خاوەنی كەناڵەكەیە لەو تەلەڤزیۆنە سوكایەتی بە ژنان كردووە و بەڵگەی ڤیدیۆییمان لەبەر دەستە، بۆیە پێویست ناكات كەس سكاڵا تۆمار بكات و بڕیارماندا ئەو كەناڵە دابخەین".

محەمەد گەردی ئەوەشی خستەڕوو: "گوتەكانی ئەو مەلایە دژی بەھا ئاكارییەكان و پیرۆزییەكانی ژنی كوردە، بۆیە وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاری داخستنی كەناڵەكەیداوە".

راشیگەیاند: "مەلا مەزھەر ئەوە چەندین جارە لە تەلەڤزیۆنەكەی خۆی ئەو جۆرە گوتانە دووبارە دەكاتەوە و بێ گودانە بەھا ئاكارییەكان و ھەستی خەڵك، بۆیە بە پشت بەستن بەو گرتە ڤیدیۆییانەی لەبەر دەستمانن و بەپێی رێنماییەكانی ساڵی 2014 وەزارەتی رۆشنبیری. بڕیاری داخستنی كەناڵەكەمان داوە".

ئاماژەی نەوەشدا: "لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆكان مەلا مەزھەر ھانی پیاوان دەدات كە ھاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی كورد نەكەن، یان بە ژنان دەڵێ داینەسۆر، ھەروەھا لەسەر ئەو گوتانەی كێشە كەوتووەتە نێوان مەلا مەزھەر و ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە بەرنامە تەلەڤزیوەنییەكەیەوە كردووە و شەڕە قسە لەنێوان دروستبووە".

 ھ.م