"کوردەکان دەیانەوێ شکۆیان بۆ بگەڕێندرێتەوە"

گفتوگۆی شاراوە ئەنجام نادەین

K24 - ھەولێر

کاندیدی پارتی‌ گەلی‌ کۆماریی‌ تورکیا (جەهەپە) بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە چوارچێوەی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە شاری (دیاربەكر) ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند: "کوردەکان دەیانەوێ شکۆیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، تورکەکانیش نیگەرانیان ھەیە".

موحەرەم ئینجە، كاندیدی جەھەپە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا گوتیشی: "شکۆ بۆ کوردان دەگەڕێنینەوە و نیگەرانی تورکەکانیش ناھێڵین، پاشان راستگۆ دەبین و کۆبوونەوە و گفتوگۆی شاراوە ئەنجام نادەین، شوێنی چارەسەرکردن تەنھا پەرلەمانی تورکیایە، شوێنێکی دیکە نییە. ئەگەر ببم بە سەرکۆمار، یەکێك لە کەناڵەکانی تەرەتە بۆ ئەو پرسە تەرخان دەکەم و تێدا پرۆگرامی گفتوگۆکردن پێشکەش بکرێ. تەرەتە خۆی لە خۆیدا ھیچ سوودێکی نەبووە".

ئینجە، بێ ناوھێنانی ئەردۆغان چەند توانجێكی تێگرت و گوتی: "ئەو خەمی بەدەستھێنانی دەنگەکانی ھەیە، خەمی من ئاشتی و ئاسوودەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانە".

ھەر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دیاربەکر، وێنەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، كاندیدی ھەدەپە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا و ئاڵای ھەدەپە بەرزكرایەوە. ھاوکات ئولکو ئینجە، ھاوسەری موحەرەم ئینجە سەردانی بەشاك دەمیرتاش ھاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد و کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا موحەرەم ئینجە خۆی ئەو سەردانە ئەنجام بدات. ئولکو ئینجە لە کاتی ھاتنەدەرەوەی لە ماڵی بەشاك دەمیرتاش بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە موحەەرم ئینجە بە مەبەستی گەیشتن بە پرۆگرامێکی شاری ئەنقەرە نەیتوانیووە سەردانەکە ئەنجام بدات.

سەرچاوە: ئەنادۆڵ

ھ.م