ئه‌نقه‌ره‌: ئێران پشتيوانى هێرشى توركيايه‌ بۆ سه‌ر قه‌نديل

به‌غدا: هيچ له‌شكركێشييه‌ك بۆ سه‌ر قه‌نديل و مه‌خموور و شنگال له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) قبووڵ ناكه‌ين"

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى به‌رگرى توركيا، (نوره‌دين جانيكلى) رايگه‌ياند، كۆمارى ئيسلامى ئێران پشتيوانى خۆى بۆ ئۆپراسيۆنى سوپاى توركيا له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى "باكوورى عێراق" ده‌ربڕيوه‌.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى (ئه‌نادۆڵ)ى توركى، (جانيكلى) گوتى: "پێشنيازمان بۆ كۆمارى ئيسلامى ئێران كرد، به‌ يه‌كه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ين. ئێران پشتيوانێكى گه‌وره‌ى پرۆسه‌كه‌يه‌، لانيكه‌م به‌ لێدوان و قسه‌ پشتيوانمانن".

له‌ به‌رامبه‌ردا، تا ئێستا كۆمارى ئيسلامى ئێران، به‌ ره‌سمى هيچ لێدوانێكى له‌ باره‌ى ئه‌و وتانه‌ى وه‌زيرى به‌رگرى توركيا رانه‌گه‌ياندووه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: "توركيا رێككه‌وتنى ته‌واوى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌يه‌ سه‌باره‌ت به‌و ئۆپراسيۆنه‌ و ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پرس و را گۆڕينه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى په‌يوه‌نديدارن به‌و پرسه‌وه‌".

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، ئه‌مڕۆ، (سه‌عد حه‌ديسى)، گوته‌بێژى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، رايگه‌ياند، عێراق هيچ ئۆپراسيۆنێكى سه‌ربازى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر خاكى عێراق و له‌ دژى قه‌نديل يان بۆ سه‌ر باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) قبووڵ ناكات.

 گوتيشى: "هيچ له‌شكركێشييه‌ك بۆ سه‌ر قه‌نديل و مه‌خموور و شنگال له‌ دژى پارتى كرێكارانى كوردستان(په‌كه‌كه‌) قبووڵ ناكه‌ين".

هه‌روه‌ها گوتى: "حكومه‌تى عێراق رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى هيچ كرده‌يه‌كى دوژمنكارانه‌ له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ دژى توركيا و وڵاتانى دراوسێ نادات".

پێشتر حكومه‌تى توركيا رايگه‌ياندبوو، به‌ قوڵايى (30) كيلۆمه‌تر له‌شكركێشى كردووه‌ته‌ سه‌ر خاكى عێراق.

رۆژانه‌ش توركيا به‌ فڕۆكه‌ بۆردومانى ناوچه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

سه‌رچاوه‌: swissinfo

ئ.ر