پێشمه‌رگه و هێزی هاوپه‌یمانان له چیای قه‌ره‌چووغ ئۆپه‌راسیۆنێكیان له دژی داعش ئه‌نجامدا
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش و سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری رێكخراوه‌كه كوژرا
K24 - هه‌ولێر:
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له چیای قه‌ره‌چووغ، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان له دژی داعش ئه‌نجامدا.
سيروان بارزانى، به‌رپرسی میحوه‌ری شه‌شی گوێر - مه‌خمووری هێزی پێشمه‌رگه، رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش بووه له چیای قه‌ره‌چووغ.
سیروان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش كوژراون و له ریزی كوژراوه‌كانیشدا، به‌رپرسێكی دیاری داعش هه‌یه.
وێڕای راگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش له عێراق، له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵام تا ئێستاش جموجۆڵی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه له چه‌ند شوێنێكی ئه‌و وڵاته ماوه.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كانیش، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكانی ئه‌نباڕ، سه‌ڵاحه‌ددین و دیاله چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه چه‌ندین جار هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتی مه‌ده‌نیشیان رفاندووه.
ا. م