شەپۆلێكی دیكەی گەرما روو لە ھەرێمی كوردستان دەكات
گەرما 46 پلە تێدەپەڕێنێ
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی، سبەی دووشەممە دووەم شەپۆلى هاتنى گەرماى هاوین کاردەکاتە سەر هەرێمى کوردستان، لە ھەندێك ناوچە پلەی گەرمی دەچێتە سەرووی 46 پلەی سیلیزی.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "سبەى دووشەممە 2/7/2018 پلەکانى گەرما دووبارە روو لە بەرزبوونەوە دەکات و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 4 تا 6 پلە دەبێت، رۆژى سێ شەممە بە پلەیەك تاکو دوو پلەى دیكە بەرزتردەبێتەوە".
كەشناسی راشیگەیاندووە: "لەسەنتەرى پارێزگاکانى (هەولێر و سلێمانى و دهۆك و هەڵەبجە) بەرزترین پلەکانى گەرماى پێشبینیکراو لە نێوان (44 تا 46) پلەى سیلیزى دەبێت لە پاریزگاى کرکووك و ئیدارەى گەرمیان لە سەرووى 46 پلەى سەدى دەبێت".
بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی: "ئەو بەرزى لە پلەکانى گەرما تاکو رۆژى پێنج شەممە و رۆژى هەینى کۆتاى دێت بە 4 تاکو 5 پلەى سلیزى نزم دەبێتەوە".
كەشناسی ئاشكراشی دەكات: "کاریگەرى ئەو تۆز و خۆڵەى هەیە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە کۆتاى دێت".
ھ.م


