لە سلێمانی چوار کەس لەسەر بڕینەوەی دەیان داری بەڕوو دەستگیرکران

دیمەنێکی دار بەڕووە بڕاوەکان
دیمەنێکی دار بەڕووە بڕاوەکان

لە سنووری مێرگەپان و گوندی یاخسەمەری پارێزگای سلێمانی چوار کەس بە تاوانی بڕینەوەی نزیکەی 200 داری بەڕوو دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاویکردووتەوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان توانیویانە چوار هاووڵاتی لەسنووری مێرگەپان و گوندی یاخسەمەر لەسەر بڕینی داری سروشتی لە جۆری دار بەڕوو دەستگیر بکەن، کە دارەبڕدراوەکان تەمەن لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دارانەی بڕدراون لە ژمارەیان 186 دارە و لە چەند رۆژێکدا ئەو کارەیان کردووە و ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوتەوەو راپێچی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.

هەر لەمبارەوە هێمن کەمەرخان گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆسییەکە لە دادگای سلێمانییە و بە گوێرەی ژمارە، تەمەن و جۆری دارەبڕدراوەکان سزا بۆ تۆمەتبارەکان دەردەکرێت، بۆیە تا لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنیان کۆتایی نەیەت، روون نابێتەوە ئەو ماددەیەی پێ سزا دەدرێن، چ ماددەیەکە و سزاکەیان لەلایەنی ماددی و زیندانی چەند دەبێت.

لەبارەی هۆکاری بڕینەوە دارەکان، کەمەرخان ئاماژەیدا، هەندێکجار ئەو دارانە بۆ فرۆشتنەوە دەبڕدرێنەوە، هەندێکجاریش بۆ سووتاندن یان بە پاساوی چۆڵکردنی زەوییەکان دەبڕێنەوە. بەڵام گوتەبێژەکەی پۆلیسی دارستان هیچ ئاماژەیەکی بەو زەویانە نەدا کە دارەکانیان تێدا بڕدراوەتەوە، ئاخۆ موڵکی کەسی بوون یان موڵکی گشتی و دارستانی سروشتی بوون، تەنیا گوتی: بۆ وردەکارییەکانی دەبێت چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا بکەین.

سزای بڕینەوەی دار و شێواندنی سروشت و ژینگە 

بە گوێرەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008 تایبەت بە پاراستن و چاککردنی ژینگە، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ 10ی رۆژی 2022/06/29دا هەمواری یەكەمی بۆ کراوە، بڕینەوەی دار و درەختەکان بە تێکدانی ژینگە دادەنرێت، هەر کەسێک پێشێلی یاساکە بکات، سزای زیندانی دەدرێت كە لە یەک مانگ کەمتر نەبێت یان سزای ماددی دەدرێت کە بڕەکەی لە 150 هەزار دینار کەمترنەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکیان سزا دەدرێت.

هەر بە گوێرەی یاسا هەموارکراوە، ئەگەر تاوانبار سەرپێچی سەر ژینگە دووبارە بکاتەوە، ئەوە سزاکانی دەبێتە دوو هێندە؛ هەروەها لە بڕگەی سێیەمی هەموارەکەدا هاتووە سەرۆکى دەستەی ژینگە یان لە بەڕێوەبەرایەتى فەرمانگەکانى ژینگە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران دەستکراوەن، دەتوانێت هەر سزایەکی ماددیان بدەن بەو مەرجەى بڕی سزاکە لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت .