گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی: رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی کوردستان نەکراوە
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بەردەوامن و مووچەی فەرمانبەرانیش راناگیرێت، وەزیری دارایی عێراقیش بەڵێنی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەشنووسی بودجەی 2027 میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خستەروو.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام وەک نوێنەرانی کورد جەختیان لەوە کردووەتەوە دەبێت بەپێی دەستوور و یاسا، پشکی هەرێم لە بودجە دیاری بکرێت. داواشی کرد ئەو ستەمەی کراوە دووبارە نەبێتەوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە و بێ جیاکاری، مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لە کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت کرد و گوتی، چەند مەرجێکی قورس دانراون بۆ ئەوەی هەرێم ناچار بکەن نەتوانێت پابەند بێت، لەوانە پرسی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها بڕی تەرخانکراو بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت زۆر کەمە، بەوەش هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە بەرهەم بهێنێت، ئەمەش بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان و رێگرە لە بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی رەخنەی لە دیاریکردنی پشکی هەرێم بە رێژەی 12.67% گرت و روونیکردەوە، ئەم رێژەیە پێچەوانەی سەرژمێریی ئەم دواییەیە کە لە عێراق کراوە و تێیدا دەرکەوتووە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ـە. دەشڵێت، لەسەر ئەم بابەتەش قسەیان کردووە و داوای مافی راستەقینەی هەرێم دەکەن.
لەبارەی پرسی مووچەوە، دانەر عەبدولغەفار دڵنیایی دایە فەرمانبەران و ئەوەی خستەڕوو، لە هەموو دۆخێکدا مووچە دێت و بەردەوام دەبێت. هەرچەندە کێشەی خەرجیی راستەقینە (ئینفاق فیعلی) هەیە، بەڵام دڵنیاییان داوەتەوە نابێت ئەمە بە هیچ شێوەیەک ببێتە هۆی دروستنەبوونی یان دواکەوتنی مووچە. بۆ ئەمەش پشت بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی دەبەستن، بەپێی بڕیارەکە بە هیچ بیانوویەک نابێت مووچە رابگیرێت.
سەبارەت بە کاتی ناردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)، ئاشکرای کرد، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەم، مووچەی مانگی پێنج رەوانە بکات، چونکە نەختینەی پێویست لەبەردەستدایە.